رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی کاژێر 11ـی شەوی چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، هەردوو میدیای گەورەی ئەمریکی (فۆکس نیوز) و (ئەکسیۆس) هەواڵێکیان بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی "هەزاران کوردی عێراقی پەڕیونەتەوە ئێران و هێرشی زەوینییان دەستپێکردووە." هەواڵەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوکرابووەوە کە ناوی نەهێندرابوو.
کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رووماڵی دەستپێکردبوو، میوانیان هێنابوو و شرۆڤەی چوونی هێزی کوردییان دەکرد بۆ نێو ئێران. دوای چەند خولەکێک هەواڵەکە لە هەموو جیهان بڵاوبووەوە و لەنێو تۆڕەکۆمەڵاتییەکان دا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێکی زۆری میدیا جیهانییەکانیش بڵاویانکردەوە.
بەدواداچوونی رووداو
تۆڕی میدیایی رووداو نەکەوتە ژێر کاریگەریی میدیا گەورەکانی جیهان و کارە راستەکەی کرد، ئەویش بەدواداچوون و لێکۆلینەوە بوو لەسەر هەواڵەکە و، لە ماوەیەکی کەم دا پەیامنێرانی رووداو و ژووی هەواڵی رووداو بەدواداچوونێکی چڕیان دەستپێکرد. رووداو پەیوەندی بە بەرپرسانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە کرد، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ژیانی ئازاد قسەی کرد.
پرسیاری لێکردن، ئایا هیچ هێزێکی تازەتان ناردووەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران؟ هەموویان رەتیانکردەوە و رایانگەیاند "هیچ هێزێکیان نەناردووەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران".
دوای چەند خولەکێک لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە جیهان دا، رووداو هەواڵی میدیا جیهانییەکانی رەتکردەوە سەبارەت چوونی "هەزاران کوردی عێراقی" بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دەستپێکردنی "هێرشی زەوینی". میدیا فەرمییەکانی ئێران، میدیاکانی تورکیا، میدیاکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان هەواڵەکەی رووداویان وەک سەرچاوەی پشتڕاستکراوەی هەواڵ بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە رووداو رایگەیاندووە "هیچ چەکدارێک لە عێراقەوە نەچووەتە ئێران".
هەندێک لە میدیاکان هەر پرێنت سکرینی شاشەی رووداویان دانابوو، وەک ئاماژەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەواو. تویتی هەواڵەکەی رووداو لە بەشی ئینگلیزی رووداو لە تۆڕی ئێکس زیاتر لە 265 هەزار بینەری هەبوو لە ماوەی چەند کاژێرێک دا.
سڕینەوەی هەواڵی میدیا جیهانییەکان
کە رووداو بووە سەرچاوەی راستی هەواڵەکە بۆ جیهان، (فۆکس نیوز) و (ئەکسیۆس) هەواڵەکەی خۆیان سڕییەوە و تەنیا ئاماژەیان بە لێدوانێکی گوتەبێژێکی کۆشکی سپی کرد لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی هێزە کوردییەکان لە شەڕەکەدا.
ژمارەیەکیش لە میدیاکانی ئیسرائیل هەواڵە ناڕاستەکەیان دانابوو، بەڵام دواتر ئەوانیش سڕییانەوە. جگە لەو میدیایانەی هەواڵەیان سڕییەوە، هەندێک لە رۆژنامەڤان و میدیاکانی جیهان هەواڵە راستەکەی رووداویان بڵاوکردەوە.
بەشداریکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی هێنایە سەر خەت و لە ئێوارەی چوارشەممە و تاوەکو بەرەبەیانی پێنجشەممە زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی خێرای لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا کرد، تێیدا باس لە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کرا.
بەپێی راگەیێندراوە فەرمییەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران یەکەم تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. هەروەها پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد.
دواتر وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەکات، پێیگوتووە، ئێرانییەکان چاوەڕوانییان هەیە لە هەموو روویەکەوە بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران بکرێت. سوودانیش جەختیکردووەتەوە کە رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەن لە سنوورەکانی عێراقەوە بۆ سەر ئێران.
دوایین تەلەفۆنی عێراقچی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە، بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، عێراقچی ئاماژەی بە جموجووڵی چەکداری لە ناوچەکە کردووە و گوتوویەتی، "بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و تورکیا گرنگن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی پیلانەکانی ئیسرائیل دژی ناوچەکە."
کۆشکی سپی لەبارەی بەشداری کورد
ئێوارەی چوارشەممە، کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژى کۆشکى سپی لەبارەی بەشداری هێزە کوردییەکان لە شەڕی ئێران دا گوتی، دەتوانم لەسەر ئەوە قسە بکەم کە سەرۆک کۆمەڵێک پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هاوبەش، هاوپەیمان و بەرپرسانی رۆژهەڵاتى نێوڕاست هەبووە. قسەشى لەگەڵ بەرپرسانی کورد کردووە لەسەر ئەو بنەمایەی ئەمریکا بنکەی لە "باکووری عێراق" هەیە، بەڵام هەر راپۆرتێک کە دەڵێ سەرۆک هەر جۆرە پلانێکى قبووڵ کردبێ بە تەواوى ناڕاستە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کە لە حیزبە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووەوە و ئامانجی مافی چارەی خۆنووسینە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، تائێستا لە راگەیێندراوەکانیدا رووی لە جەماوەری خۆیانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵک بە پشتیوانی خۆی دادەنێت بۆ قۆناخی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ