05-04-2020
16:00
لە جیهاندا ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 65 هەزار و 800 کەسی تێپەڕاند
لە جیهاندا ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 65 هەزار و 800 کەسی تێپەڕاند
لە 190 وڵات و هەرێمی سەرانسەری جیهاندا ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) 65 هەزار و 800 کەسی تێپەڕاند.
زیاتر لە ملیۆنێک و 217 هەزار و 200 کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارە تووشبووە زیاتر لە 253 هەزار و 700 کەس چاکبوونەتەوە.
لە ئەمریکا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا 311 هەزار و 600 کەسی تێپەڕاند، زیاتر لە 14 هەزار و 800 تووشبوو چاکبوونەتەوە و زیاتر لە هەشت هەزار و 450 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە ئیتاڵیا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە 124 هەزار و 600 کەسی تێپەڕاند، زیاتر لە 15 هەزار و 300 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 21 هەزار تووشبوویش چاک بوونەتەوە.
لە ئیسپانیایش زیاتر لە زیاتر لە 130 هەزار و 700 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە 12 هەزار و 400 تووشبوو بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 38 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.
15:12
چین هاوکاریی قوبرس دەکات؛ لە نێو هاوکارییەکاندا 12 ئامێری هەناسەدان هەن
چین هاوکاریی قوبرس دەکات؛ لە نێو هاوکارییەکاندا 12 ئامێری هەناسەدان هەن
لەدوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا و سەرهەڵدانی قەیرانی کەمیی پێداویستیی پزیشکی، حکومەتی چین دەستی کردووە بە گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەنێویاندا ئیتاڵیا، سڕبیا و ئیسپانیا.
درەنگانی رۆژی شەممەش فڕۆکەیەکی تایبەتی چینی کاروانێکی هاوکاریی پزیشکیی گەیاندووەتە قوبرسی یۆنان.
بە گوتەی بەرپرسانی چین لەنێو هاوکارییەکاندا 12 ئامێری هەناسەدان و هەروەها بە هەزاران دەمامک و دەستکێش هەن.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا حکومەتی چین کاروانێکی دیکەی هاوکاریی پزیشکی بگەیێنێتە قوبرس، ئەوەش لەسەر داواکاریی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پارێزگاریکردن لە تیمە پزیشکییەکان و خەڵکی وڵاتەکەی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ژمارەی دانیشتوانی قوبرس نزیکەی 860 هەزار کەس دەبن، لەو وڵاتە تاوەکو ئێستا 426 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، 13 لە تووشبوەکان گیانیان لەدەستداوە و 33 تووشبوویش چاکبوونەتەوە.
09:20
ترەمپ: دەبوو نیویۆرک داوای ئامێری هەناسەدانی دەستکردی زیاتری کردبا
ترەمپ: دەبوو نیویۆرک داوای ئامێری هەناسەدانی دەستکردی زیاتری کردبا
رەخنە لە ترەمپ دەگیرێت کە گوایە وەکو پێویست یارمەتی نیویۆرکی نەداوە بەتایبەتی لە رووی دابینکردنی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، هەربۆیە مردن لە نیویۆرک لە هەموو شوێنێک زیاترە.
دۆناڵد ترەمپ شەوی رابردوو 4-4-2020 ئەو گوتانەی رەتکردنەوەو گوتی، نیویۆرک خۆی داوای ئامێرەکانی نەکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی رۆژنامەنوسانی دایەوە و گوتی: "دەرفەتیان لەپێشبوو بەدرێژایی ساڵانی رابردوو داوای ئامێری دەستکردی هەناسەدانیان کردبا. دەرفەتیان لەپێشبوو داوای ژمارەیەکی زۆریان کردبا. بەڵام نەیانکرد. ئێمە لەوێ بووین و یارمەتیشمان دان. پێموایە حاکمی نیویۆرک زۆر سوپاسگوزارە بۆ ئەو یارمەتییەی کە ئێمە پێمان دان. بەڵام ئێمە کۆگامان هەیە. کۆگای فیدراڵییە. دەتوانین بۆ ویلایەتەکان بەکاری بێنین".
09:07
ئەگەرچی وڵاتەکەی ئێستا لە رووی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پلەی یەکەمدادێت لە ئەوروپا، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت: لە کۆتایی تونێلەکەدا تروسکایی رووناکی دەبینم.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، چەند رۆژێکی سەختمان لە پیشە، ئەم رۆژانە بۆ هەموو کەس سەخت دەبن. لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێکی سەختمان لە پێشە، بەڵام ترووسکایی رووناکی لە کۆتایی تونێلەکەدا دەبینم و بەسەر کۆڕۆنادا سەردەکەوین.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گوتی: "من سوورم لەسەر ئەوەی بزانیین پێشکەوتنی ئامارەکان چۆن دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترووسکایی رووناکی لە کۆتایی تونێلەکەدا دەبینم بۆ کۆنترۆڵکردن و تێکشکاندنی ئەم پەتایە."
08:39
رووداو-هەولێر
ئێستا لە ئیسپانیا 126168 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، بەمەش ئیسپانیا دەبێتە یەکەم وڵات لە ئەوروپا کە تاوەکو ئێستا زۆرترین تووشبووی بە کۆرۆنای لێ تۆمارکرابێت و پێش ئیتاڵیا دەکەوێت.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسپانیا، تائێستا لەو ژمارەیەی تووشی کۆرۆنا بوون، 34219 کەس چاکبوونەتەوە و 11947 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ئامارە نوێیانە، ئێستا ئیسپانیا یەکەمین وڵاتە کە زۆترین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لێ تۆمارکرابێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر ئیتاڵیا لە پلەی یەکەم دەهات و زۆترین تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لەم وڵاتە بوون.
لەسەر ئاستی جیهانیش، ئەمریکا لە پلەی یەکەم دێت، کە تائێستا 311635 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، 14825 کەس چاکبوونەتەوەو 8454 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە دوای ئیسپانیا و ئیتاڵیاش، زۆرترین تووشبوو لە ئەوروپا لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا تۆمارکراون و رۆژانەش ژمارەی تووشبووان لەم وڵاتانەدا زیاد دەبێت.