بوومەلەرزە ویلایەتەکانی نیویۆرک و نیوجێرسی هەژاند

رووداو دیجیتاڵ
 
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر بەشێکی باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هەژاند و خەڵکی چەند ناوچەیەکیش ئاماژە بەوە دەکەن، هەستیان پێکردووە. 
 
ئاژانسی جیۆلۆجی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی 5-4-2024 بڵاویکردەوە، گوڕی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ئەو وڵاتە 4.8 پلەی رێختەر بووە و سەنتەرەکەیشی 72 کیلۆمەتر لە شاری نیویۆرکەوە دوور بووە. 
 
ئاژانسی جیۆلۆجی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، بوومەلەرزەکە زیاتر لە هەردوو ویلایەتی نیویۆرک و نیوجێرسی هەستی پێکراوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراونەتەوە و بەشێکی خەڵکیش ترسی ئەوەیان هەیە بوومەلەرزەی دیکە و پاشلەرزە بەدوای ئەو بوومەلەرزەدا رووبدەن. 
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بوومەلەرزەکە ئاگادار کراوەتەوە و کۆشکی سپیش پەیوەندی بە بەرپرسانی فیدراڵی و لۆکاڵییەوە کردووە بۆ ئەوەی زانیارییان لەو بارەوە پێ بدەن و رێکارەکانیشیان بۆ بەرپرسانی فیدراڵیی ئەمریکا روون بکەنەوە. 
 
حاکمی هەردوو ویلایەتیش لەبارەی بوومەلەرزەکەوە قسەیان کرد. فیل مێرفی، حاکمی نیوجێرسی گوتی، سەنتەری ئۆپەراسیۆنە کتوپڕەکانی چالاک کردووە. حاکمی نیویۆرکیش ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ویلایەتەکەی دەستیان بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کردووە و لە کاژێرەکانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەو بارەوە رادەگەیێنن. 
 
ئەو بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆ بەهێزترین بووە لە نیویۆرک رووبدات لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1884 کە گوڕەکەی 5.2 پلەی رێختەر بوو.