بۆ ئێرانییەكان داعش دوژمن نییە، ئەمریكایە

05-06-2016
ئارینا مورادی
نیشانەکردن ئێران داعش ئەمریکا
A+ A-

رووداو- هەولێر

دەركەوتنی گرووپی چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوژمنی نوێی هێنایە ئاراوە، بەڵام لە ئێران، دوژمنە كۆنەكەی چل ساڵ لەمەوبەر كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، هێشتا هەر وەكوو دوژمنی سەرەكی ماوەتەوە.

كاتێك بەناو شارە كوردییەكانی رۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی كوردستان)دا دەڕۆیت، هەموو وێنە و پۆستەرەكان هەمان دروشمیان لەسەرە: "دوژمن لە بۆسەدایە"، "ئامانجی دوژمن تێكشكاندنی ئومەتی ئیسلامییە" و "تا دوا دڵۆپی خوێنمان پارێزگاری لە ئیسلام دەكەین". ئەم دروشمانە وەكوو زەنگی ئاگاداركردنەوەی خەڵك وایە لەلایەن دەوڵەتەوە كە تێیدا هانی خەڵك دەدرێت لە بەرامبەر هەڕەشەكانی ئەمریكا "لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا" هۆشیار بن.

بەڵام ئەم دوژمنە كێیە؟ زۆرینەی ئێرانییەكان بەبێ دوودڵی وەڵامی ئەم پرسیارەی (رووداو) یان دەدایەوە. عەبدوڵڵا، شوفێری تاكسی لە هێڵی نێوان مەهاباد و پیرانشار، یەكسەر گوتی "ئەمریكا و ئیسرائیل".

 عەبدوڵڵا سەرقاڵی لێخوڕینی تەكسییە كۆنەكەی بوو، بێژەرە ئافرەتەكەی رادیۆش باسی دوایین مانۆڕی سەربازیی ئێرانی دەكرد كە ماوە ماوە لە ئێران دەكرێت، بە بۆچوونی عەبدوڵڵا "داعش ناتوانێت هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر وڵتێكی بەهێزی وەكوو ئێران دروستبكات"، بەڵكو تەنیا ئەمریكا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان هەیە زیان بە ئێران بگەیەنن.

لە عێراق و سووریا هەواڵەكانی پەیوەندیدار بە داعشەوە زوو زوو لە قسەكردندا بەرگوێ دەكەوێت، بەڵام ئێرانییەكان نیگەرانییەكی ئەوتۆیان لەم گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییە نییە.

عەلی ئەحمەدی، گەنجێكی بێكار كە چاوەڕێی دۆزینەوەی یەكەم پیشە دەكات، بە (رووداو)ی گوت "رەنگە هەفتەی جارێك یان تەنانەت مانگی دوو جاران سەرنجی هەواڵەكانی داعش بدەم، ئەمەش هەندێكجار لە كاتی قسەكردن لەگەڵ هاوڕێكانم روودەدات، بە تایبەتیش ئەگەر گرووپەكە كارێكی زۆر گەمژانەی كردبێت". بەڕای ئەحمەدی "ئەمریكا دەتوانێت هێرش بكاتە سەر ئێران، وەكوو چۆن لە 2003 هێرشیان كردە سەر عێراق، بەڵام داعش ناتوانێت پەنجە بۆ ئێران بەرێت".

رەحمان شێخی، قوتابی بەشی كۆمەڵناسی، پێیوایە داعش تەنیا لە "وڵاتە شكستخواردووەكانی وەكوو عێراق و سووریا" دەتوانێت چالاكی بكات، بە بۆچوونی شێخی، "داعش ناتوانێت دەست بۆ ئێران درێژ بكات، لەبەر ئەوەی ئێران بە پێچەوانەی عێراق و سووریا وڵاتێكی بەهێزە و سوپایەكی بەهێزیشی هەیە. من رقم لە خەڵكی ئەمریكا و تەنانەت حكومەتی ئەمریكاش نییە، بەڕای من ئیسرائیل دوژمنی ئێمەیە".

قسەكانی شێخی لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك لە گەنجانی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و لە هێرشەكەی ئەمدواییەی داعشدا لە تەلسقۆف دوو لەو چەكدارانە بە دەستی پێشمەرگە كوژران. دوور نییە لە ئەگەری دروستبوونی كەلێنێكی ئەمنیدا، ئەم كوردانەی ناو داعش بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی كوردستان و كێشە بخولقێنن.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف، لە نووسینێكدا لە فەیسبووك بە گومانەوە لە چوونی كوردی رۆژهەڵات بۆ نێو داعش دەڕوانێت و دەڵێت "خەریكە گومان پەیدا دەكەم و هەست دەكەم دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كەمتەرخەمن، ئەگەر نەڵێم كارئاسانی و چاوپۆشی بۆ رۆیشتنی كوردانی رۆژهەڵات بۆ ناو ئەو گرووپە تیرۆرستییە دەكەن".

پێناچێت داعش سنوورەكانی ئێران بكاتە ئامانج، بەڵام سوپای ئێران و راوێژكارە سەربازییەكانی ئێران لە عێراق و سووریان، لە عێراق پشتگیری لە حكومەت دەكەن و لە سووریاش شانبەشانی هێزەكانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا دەجەنگن.

ئەمریكا و ئیسرائیل یەكەمجار لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەر و یەكەم رێبەری كۆماری ئیسلامییەوە وەكوو دوژمنی سەرەكیی ئێران ناسێنران. پاش مردنی خومەینیش، كۆماری ئیسلامی لەسەر هەمان رێچكە مایەوە. مانگی پێشوو ئەحمەد رەزا پورداستان، فەرماندەی هێزی پیادەی ئێران رایگەیاند "دوژمنی سەرەكیی ئێمە ئەمریكایە و ئێمە خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان ئامادە كردووە".

خالید عەزیزی، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) هاوڕایە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی "شانە نوستووەكانی داعش لە ئێران چالاك نین و داعش هەڕەشەیەكی ئەوتۆ بۆ سەر سنوورەكانی ئێران دروست ناكات". ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی ئێران زۆر بەهێزە، بەڵكو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پلان و ئامانجەكانی داعش لە عێراق و سووریا چڕبوونەتەوە.

سەبارەت بە سیاسەتی ئێران بۆ پیشاندانی ئیسرائیل و ئەمریكا وەكوو دوژمنە سەرەكییەكانی ئێران، عەزیزی پێیوایە "ئەمە هەر لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە، ئەوان (دەسەڵاتدارە ئاینییەكانی ئێران) درێژەیان بەم سیاسەتە داوە و ئەم هەستی دژایەتی رۆژئاواییەیان بەسەر خەڵكدا سەپاندووە."

دروشمی وەكوو "مردن بۆ ئەمریكا" و "مەرگ و نەمان بۆ ئیسرائیل" لە رێپێوانە ساڵانەكانی ئێراندا بوون بە دروشمی شۆڕشی ئیسلامی، تەنانەت رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی پاریش نەیتوانی هەستی دوژمنایەتی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر ئەمریكا كز بكات.

عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام بەرگری لەو ئەدەبیاتە كردووە كە وڵاتەكەی لە دژی ئەمریكا بەگەڕی خستووە. خامنەیی تەمەن 76 ساڵ لە پەیامێكدا لەسەر ماڵپەڕەكەی خۆی رایگەیاند "دروشمی مردن بۆ ئەمریكا عەقڵ و حیكمەتی لە پشتە".

پارساڵ دروشمی "مردن بۆ ئەمریكا" بۆ یەكەمجار لە دیواری باڵیۆزخانەی پێشووی ئەمریكا لە ئێران سڕدرایەوە، كەناڵ و ناوەندە میدیاییەكانی جیهان بایەخێكی زۆریان بەم هەواڵە دا. 

دوو رۆژ دواتر جارێكی دی دروشمەكە نووسرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە فۆنتێكی جیاواز. رێكخراوی بەسیجی خوێندكارانی ئێران هەمانڕۆژ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دروشمەكە بە هیچ شێوەیەك لانەدرابوو. 
لە هەمان بەیاننامەدا، بەسیجی خوێندكارانی ئێران بەڵێنیان دابوو دروشمی "مردن بۆ ئەمریكا" بۆ هەمیشە دیواری ئەم شوێنە (واتە دیواری باڵەخانەی باڵیۆزخانەی پێشووی ئەمریكا) دەڕازێنێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە