رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵەندا یادی گەنجێکی دیاسپۆرانشین بەرز راگیرا، کە کاری بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەکرد.
کەڤین بەگیخانی، قوتابیی زانکۆی لایدنی هۆڵەندا بوو، کە یەکێکە لە ناسراوترین زانکۆکانی جیهان و ئەکادیمییەکانی تاوەکو ئێستا 16 جار خەڵاتی نۆبڵیان بردووەتەوە. لە تەمەنی 27 ساڵیدا کەڤین گیانی لەدەستدا، بەڵام ئێستا زانکۆکەی، بە یارمەتیی دامەزراوەی (کەڤین بۆ دادپەروەری)، خەڵاتێکی ساڵانە دەداتە باشترین نامەی دەرچوون کە سەبارەت بە دادی نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارکردنی تاوانکارانی جەنگ یانیش ئاشتی نووسرابن.
رۆژی هەینیی رابردوو خەڵاتەکەی دابەشکرا، کچێکی بەرازیلی بەناوی میلانۆ دۆرۆدا خەڵاتەکەی بردەوە.
یەکێک لە مامۆستاکانی کەڤین و ئەندامی دەستەی دادوەرانی خەڵاتەکە، دکتۆر سیمۆن مینکس بوو، کە هەمان ئەو یاساناسەیە رۆڵی هەبوو لە سزادانی بازرگانێکی هۆڵەندی لەسەر کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. دکتۆر مینکس میوانی دیاسپۆرا بوو، لەبارەی خەڵاتەکەوە گوتی، "میلانۆ دۆرۆدا کچە خوێندکارێکی بەرازیلییە و یەکێک بوو لە چوار بەربژێرە کۆتاییەکە، توانی خەڵاتەکە بباتەوە. ئەو گوتارێکی نایابی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنیانەوە پێشکێش کرد، بۆیە دەستەی دادوەران بە کۆی دەنگ بڕیاریان دا ببێتە براوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، براوەکە بڕی 2000 یۆرۆی وەکو خەڵات پێ بەخشراوە، تاوەکو لە توێژینەوەکانی داهاتوویدا سوودی لێ وەربگرێت.
دکتۆر مینکس سەبارەت بە ناسینی کەڤین گوتی، "لە ساڵی 2017 لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کەڤینم ناسی، قسەمان لەسەر زۆر بابەتی گرنگ کرد، لەوانەش کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، من زۆر سەرسام بووم بە بیروبۆچوونەکانی و حەزی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە لە بواری دادپەروەری و ئاشتیی جیهانی هەبوو."
دوای کۆچی دوایی کەڤین، دکتۆر مینکس باسی بیرۆکە و پێدانی خەڵاتێک دەکات بەناوی کەڤین لە زانکۆکەیان و دەڵێت، "لەگەڵ بنەماڵە و دامەزراوەی (کەڤین بۆ دادپەروەری) گفتوگۆمان کرد، بڕیارمان دا ساڵانە بەم شێوەیە یادەکەی بەرز رابگرین و خەڵاتێک بەناوی ئەوەوە بدەینە ئەو خوێندکارەی باشترین گوتار لەبارەی دادپەروەری، ئاشتیی جیهانی و مافەکانی مرۆڤ پێشکێش بکات. ئەمەش دەبێتە هاندانێک بۆ خوێندکارانی دیکەی زانکۆکەمان."
دامەزراوەی "کەڤین بۆ دادپەروەری" بەشێک لە کارەکانی تایبەتە بە دۆزی کورد و تاوانەکانی وەکو ئەنفال و کیمیاباران، بەڵام پەیام و ئامانجی کەڤین فراوانتر بوون و دادپەروەری و ئاشتیی بۆ هەموو جیهانی دەویست.
دکتۆر مینکس روونیکردەوە، دامەزراوەکە هەوڵدەدات ئاستی هۆشیاری لەنێو خوێندکاران بەرز بکاتەوە، تاوەکو لە رێگەی نووسین و توێژینەوەکانیانەوە ببنە هۆی کەمکردنەوەی تاوانە گەورەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە جیهاندا، هەرچەندە بارەگای سەرەکیی دامەزراوەکە لە کوردستانە، بەڵام ئامانجەکانی نێودەوڵەتین و بۆ خزمەتی هەموو مرۆڤایەتییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ