رووسیا؛ ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

06-09-2025
کامیز شەدادی
ناوچەیەکی گەشتیاریی رووسیا. وێنە: رووداو
ناوچەیەکی گەشتیاریی رووسیا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی داتاکانی حکومەتی رووسیا، ژمارەی گەشتیاری نێوخۆیی بۆ 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 گەیشتووەتە 41.4 ملیۆن گەشت لە سەرانسەری رووسیادا. ئەم رێژەیە بەراورد بە هەمان سەردەمی ساڵی رابردوو، نزیکەی 7% زیاترە.
 
هەرێمە پێشەنگەکان لە ژمارەی گەشتیاریدا بەم شێوەیە: مۆسکۆ 6 ملیۆن، کراسنۆدار 4.4 ملیۆن، سەنت پیتەرسبۆرگ 3.3 ملیۆن، کۆماری تاتارستان 1.4 ملیۆن، کریمیا 1.1 ملیۆن و هەرێمی سڤێردلۆڤسک 1 ملیۆن گەشت.
 
یولیا سڤێردیڤا، دانیشتووی هەرێمی پێنزا دەڵێت، "من لە شاری پێنزا هاتووم. شارەکەم زۆر مۆدێرنە، بەڵام مۆسکۆ مۆدێرنترە. ئێستا، من لەگەڵ هاوڕێکانم دەگەڕێم، ئەوان ئەو شوێنە مۆدێرنانەی پایتەختەکەم پێ نیشان دەدەن. من دڵخۆشم."
 
ئەلینا تێرێخۆڤا، دانیشتووی هەرێمی مورمانسک ئاماژەی بەوە کرد، "بۆچی ئێمە گەشتوگوزار لە رووسیا دەکەین؟ چونکە شارەکانیشی و سرووشتەکەشی زۆر مۆدێرنە. ئێمە سەردانی چەند شارێکمان کرد، لە ڤۆلگۆگراد بووین، زۆر مۆدێرنە. لە لێنینگراد بووین، بە ماماییڤ کورگان دا گەڕاین، چێشتخانە زۆرن، و هەرزانە. بەتایبەتی بۆ گەنجان زۆر گونجاوە. هەفتەیەک بۆ یەک کەس، نزیکەی 100 هەزار رووبڵ بەسە."
 
ساڵی رابردوو (2024) لە سەرانسەری رووسیا ساڵێکی پێوانەیی بووە لە ژمارەی گەشتیاریدا و ژمارەی گەشتە ناوخۆیی و بیانییەکان گەیشتووەتە 90 ملیۆن گەشت، ئەم رێژەیە بەراورد بە ساڵی 2021، 37% زیادی کردووە.
 
لەنێو وڵاتە بیانییەکاندا کە زۆرترین ژمارەی گەشتیار لێوەی دێن بۆ رووسیا: چین، سعودیە، ئێران، هیندستان و ئیماراتی یەکگرتوو.
 
سەید ئەسەدی، گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "بەگشتی گەشتەکەمان لە ئێرانەوە بۆ رووسیا 7 رۆژە. لە 7 رۆژەکە، 4 رۆژ لە سەنت پیتەرسبۆرگ ماوینەتەوە، 3 شەویش لە مۆسکۆین، و سبەینێ دەگەڕێینەوە ماڵەوە. نرخی گەشتەکەمان نزیکەی 2000 دۆلار بوو."
 
سیما ئەسەدی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان باسی لەوە کرد، رووسیا "وڵاتێکی زۆر ئاوەدانە، گەشتەکەمان زۆر خۆش بەڕێوەچوو، شارەکانیان بەڕاستی زۆر وروژێنەر و پڕ وزەن. گەڕان لەگەڵ خێزان و لەگەڵ هاوڕێیان زۆر خۆش بوو."
 
محەممەد، خەڵکی بەحرێن گوتی، "خێزانێکی بەحرێنین. یەکەم جارە دێینە رووسیا. دەربارەی مۆسکۆ و مۆدێرنییەکەی بیستبوومان. کولتوور و مێژوویان زۆر دەوڵەمەندە. بۆیەش هاتین سەیری بکەین و بیبینین. وڵاتێکی ئارام و مۆدێرنە. سرووشتەکەی زۆر خۆشە. کەشوهەوای هاوینی زۆر خۆشە."
 
یوکی، خەڵکی چین باسی لەوە کرد، "ئێمە خەڵکی چینین. بە مەبەستی گەشتوگوزار هاتووین. هێشتا چوار رۆژی تر لێرە دەبین. پاشان دەگەڕێینەوە چین. وڵاتێکی زۆر مۆدێرنە و خۆشترین شتیشی کەشوهەواکەیەتی. لە شارەکەی من ئێستا زۆر گەرمە."
 
بەپێی پێشبینییەکانی شیکەرەوەکان، ئەگەر داینامیکییەکە بەردەوام بێت، رەنگە ساڵی 2025یش لەڕووی ژمارەی گەشتە گەشتیارییەکانەوە لە رووسیا ببێتە ساڵێکی پێوانەیی. حکومەت بەڵێن دەدات بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی نوێکردنەوەی ژێرخان و پەرەپێدانی ناوچەکان بۆئەوەی گەشتەکان لە نێوخۆی رووسیادا ئاسوودەتر و سەرنجڕاکێشتر بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە