دیار کوردە وەکو نایابترین پەیامنێری بیانی لە ئەمریکا خەڵات دەکرێت

05-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیار کوردە وەکو نایابترین پەیامنێری بیانی لە ئەمریکا خەڵات کرا
دیار کوردە وەکو نایابترین پەیامنێری بیانی لە ئەمریکا خەڵات کرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا خەڵات کرا. خەڵاتەکەی لەسەر بنەمای چالاکی و لێهاتووییە وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی ساڵی 2024.
 
لەگەڵ دیار کوردە، 7 پەیامنێر و رۆژنامەڤانی دیکە لە تەلەڤیزیۆنی CNBC، فۆکس نیوز، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، ZDFـی ئەڵمانی، گرووپی تەلەڤیزیۆنەکانی ئینتەرڤیژن، گۆڤاری بارۆنس، لەلایەن AFPC-USAـەوە خەڵات کران. 
 
دیار کوردە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی، چیرۆکی شەهیدبوونی شیفا گەردیی بۆ ئامادەبووانی هۆڵەکە گێڕایەوە و گوتی: "لە ساڵانی رابردوو، ئێمە بەیەکەوە لە نیوزڕوومی رووداو باسی پلانی شەڕی داعشمان دەکرد بۆ ئەوەی شیفا بچێت چیرۆکەکانی موسڵ رووماڵ بکات، بەڵام بە بۆمبێکی داعش شەهید کرا، من هەرگیز ئەوە لەیاد ناکەم".
 
دیار کوردە لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، باسی لەوە کرد، "کارکردن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاسان نییە، چونکە بەردەوام هەڕەشەت لەسەرە و دەبێت ژیانی خۆت بخەیتە مەترسییەوە، هەندێکجار کەسانی نزیکت لەدەست دەدەیت تەنیا لەبەرئەوەی رۆژنامەڤانی".

 

 

 
بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو، سوپاسی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامی و گوتی، "ئەو یەکێکە لە کەسە هەرە کاریگەرەکان و بەردەوام نوێکاری هەیە، کاری رۆژنامەڤانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕیوە".
 
ساڵانی پێشتریش چەندین رۆژنامەڤانی نێوداری نێودەوڵەتیی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا کار دەکەن، ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە. هەروەها چەندین کەسایەتی کە رۆڵیان هەبووە لە هاوکاریکردن و پاراستنی رۆژنامەڤانە بیانییەکان لە باکووری ئەمریکا لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە خەڵاتکراون، لەوانەش:
 
- جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.
- لیندا تۆماس گرینفیڵ، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا
- جودی جیسنبێرگ، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ خەڵات دەکرێت. 
 
وەرگرانی خەڵاتی کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیای بیانی لە ئەمریکا
 

 

 
- دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشتنتنی تۆڕی میدیایی رووداو 
 
لە 1990 لە رواندز لەدایکبووە
بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی ئاودا هەیە
لە 2015 لە رووداو وەکو هەواڵساز دەستبەکاربووە
لە 2020 بووەتە بەڕێوەبەری پلاندانان لە رووداو
لە 2022ـەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوە لە واشنتن
پرسیار لەبارەی کورد، عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکات
هەڤپەیڤینی لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا کردووە
خوێندکاری ماستەرە 
خێزاندارە و کچێک و کوڕێکی هەیە
 
 
- سۆمینی سێنگوپتا، نیویۆرک تایمز 
 
خەڵکی هیندستانە و وڵاتینامەی ئەمریکای هەیە
بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە
20 ساڵە پەیامنێری رۆژنامەی نیویۆرک تایمزە 
لە 50 وڵات و 10 زۆنی جەنگ پەیامنێر بووە
رووماڵی شەڕی عێراق و شەڕی ناوخۆی سووریا کردووە
لەسەر رووماڵکردنی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا خەڵات کراوە
کتێبێکی لەسەر گەنجەکانی هیندستان نووسیوە
 
 
- جێنیفەر گریفین، فۆکس نیوز
 
لە 1969 لە ئەمریکا لەدایکبووە
لە 1999ـەوە لە فۆکس نیوز کار دەکات
بەکالۆریۆسی لە سیاسەتی بەرواردکاریدا هەیە
لە ئۆرشەلیم/قودس، مۆسکۆ، کیێڤ و واشنتن پەیامنێر بووە
کارەکانی تایبەتن بە ئاسایشی نیشتمانی، کاروباری سەربازی و تەنگژە نێودەوڵەتییەکان
لە ئۆکراینا، ئەفغانستان و لیبیا رووماڵی شەڕی کردووە
هەڤپەیڤینی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا کردووە
دایکی سێ کچە
 
- دەیڤد چۆ، بارۆنس 
 
لە 1976 لە ئەمریکا لەدایکبووە
بە رەچەڵەک خەڵکی کۆریای باشوورە
سەرنووسەری گۆڤار و رۆژنامەی بارۆنسی ئەمریکییە
لە 1995ـەوە رۆژنامەڤانە
ساڵی 2014 خەڵاتی پولیتزەری وەرگرووە
لە واشنتن پۆست هەواڵساز بووە
بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی هەیە
ماستەری لە رۆژنامەڤانی و کاروباری نێودەوڵەتیدا هەیە
 
- ستێفانی ئۆکۆوا، ئینتراڤیژن 
 
 
خەڵکی مەکسیکە و لە واشنتن دەژی
10 ساڵ لە مەکسیک، ئیسپانیا و ئەمریکا پەیامنێر بووە
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئینتراڤیژنە
سێ خەڵاتی تایبەت بە کاری رۆژنامەڤانی وەرگرتووە
لەسەر کێشە سیاسییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و کۆچبەران کار دەکات
 
- ئەندرو فریدمان، ئەکسیۆس 
 
پەیامنێری کەشوهەوایە لە ئاژانسی ئەکسیۆس
هەواڵسازی کەشوهەوا بووە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست
رووماڵی کۆپ 28ی کردووە
ماستەری لە کەشوهەوا و کۆمەڵگەدا هەیە
ماستەری لە یاسا و دیپلۆماسییدا 
چوار خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە
 
- بنیامین دانیێڵ، ZDF
 
لە 1983 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە
پەیامنێری کەناڵی ZDFـە
بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکاندا هەیە
رووماڵی چەندین جەنگ و قەیرانە جیهانییەکانی کردووە
رووماڵی شەڕی غەززە و ئیسرائیل و داعشی لە موسڵ کردووە
لە 40 وڵات پەیامنێر بووە
هەشت خەڵاتی لە بواری رۆژنامەڤانی بەدەستهێناوە
دوو منداڵی هەیە و لە واشنتن دەژی

 

 
 
دەقی قسەکانی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن: "ئێوارەتان باش، پێیان گوتم، کە تەنیا خولەکێک و نیوم هەیە بۆ ئەوەی قسە بکەم، بەڵام خولەکێک و نیوم پێچوو تاوەکو گەیشتمە ئێرە [سەر ستەیچ]، هەربۆیە دەمەوێت هەندێک خولەکی زیاتر قسە بکەم. شەرەفمەند و خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ رۆژنامەڤانانی بەڕێز و بەتوانا لێرە ئامادەم. زۆر هەست بە شانازی دەکەم کە لەلایەن کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیای بیانی لە ئەمریکا و ئێوەوە خەڵام دەکرێم. کاتێک کە لەگەڵ ئەو کەسەی کە گوتارەکەی بۆ نووسیم گفتوگۆم دەکرد، گاڵتە دەکەم، ئەو ئامۆژگاری کردم کە هەندێک چیرۆکی پێکەنیناوی سەبارەت بە کاری رۆژنامەڤانیم لێرە لە واشنتن دی سی بگێڕمەوە، بەڵام هەروەک رامگەیاند، کاتم زۆر کەمە و دەبێت ئەو چیرۆکانە بگێڕمەوە کە زۆر کاریگەرییان لەسەرم هەبووە. من لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتووم، هەروەها بینیومانە کە چی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویدا، ئەمساڵ رۆژنامەڤانان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ژیانی خۆیان خستە مەترسی و چوونە ناوچەکانی شەڕ بۆ ئەوەی راستییەکان ئاشکرا بکەن و چیرۆکە نەگوتراوەکانی ژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکانمان پێبڵێن؛ من باسی ئەم شتە دەکەم، لەبەر ئەوەی کە چیرۆکێکی تایبەتم هەیە و زۆر کاریگەری لەسەرم هەیە، لە زستانی 2017، ئێوارەیەک لەگەڵ هاوکارم شیفا گەردی لە ژووری هەواڵ دانیشتبووم، گفتوگۆمان لەبارەی رووماڵی رێکخراوی داعش دەکرد، رۆژێک دوای ئەوەی شیفا چووە موسڵ و خەریکی رووماڵکردنی چیرۆکەکانی موسڵ بوو؛ من ئەو کاتە لە ماڵەوە بووم کە هەواڵێکی بەپەلەم لە رووداو بینی کە تێیدا باسی ئەوەی دەکرد، کە شیفا گەردی بە بۆمبێکی چیندراو کە لەلایەن رێکخراوی داعشەوە دانرابوو، شەهید بووە، من هەرگیز ئەوە لەبیر ناکەم و دەبێت خۆم بۆ شەڕکردن بۆ رۆژنامەڤانی تەرخان بکەن و خۆم بۆ شەڕکردن بۆ رۆژنامەڤان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە تەواوی جیهان تەرخان بکەم. هەربۆیە دەمەوێت سوپاسی هاوڕێ و هاوکارانم بکەم، بەشێکیان لەو رێگە دوورەوە لە کوردستانەوە هاتوون. هەروەها سوپاسی هاوکارانم دەکەم کە لەسەر مێزی ژمارە 23 دانیشتوون لە پشتەوە. هەروەها دەمەوێت سوپاسی ئەلێکس بکەم کە ئێستا لێرە ئامادە نییە و ئەو وەکو برام وایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا پەتای کۆڕۆنای گرتووە، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم. لەکۆتاییدا دەمەوێت سوپاسی کاک ئاکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو بکەم، ئەو کەسێکە کە دیدگەیەکی راستەقینەی بۆ گۆڕینی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. ئێوە رووماڵی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستتان کردووە و ئاگاداری ئەوەن کە کاری رۆژنامەڤانی لەوێ کارێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی لەلایەن حکومەت و گرووپە میلیشیاکان و لەلایەن هەموان گوشارێکی زۆرت لێدەکرێت و رێگەت پێنادرێت ئەو شتە بڵێیت کە دەتەوێت بیڵێیت؛ دەبێت زۆر ئازا بیت و مەترسی بە ژیانت بدەیت، هەندێک جاریش تەنیا لەبەر ئەوەی رۆژنامەڤانی، کەسە خۆشەویستەکانت لەدەست دەدەیت. هەربۆیە دەمەوێت سڵاوی خۆم بە هەموو ئەو رۆژنامەڤانانە بگەیێنم کە رووماڵی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری رۆژنامەڤانیی دەکەن. زۆر سوپاس." 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: Reuters/Kevin Lamarque

رووسیا پێشوازی لە هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی ئۆکراینا دەکات

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، پێشوازی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئۆکراینا دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت