رووداو- هۆڵندا
بەهۆی گۆڕانی لە ناکاوی کەشوهەوا لە وڵاتی هۆڵەندا، باکووری ئەو وڵاتە دەیبەستێت و دەبێتە هۆی وەستانی کاری دانیشتووان و چەندین کەسیش دەبنە قوربانی.
لەسەر شەقامەکان خەڵک بە پێڵاوی یاری سەر بەفر هاتووچۆ دەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی زۆریان ناتوانن بگەنە نەخۆشخانە بۆ چارەسەری نەخۆشەکان، چونکە رێگا هێندە خلیسکە کە خۆشیان تووشی رووداوی نەخوازراو دەبنەوە، خوێندنگاکان داخراون و تا سبەی ئێوارەش( پێنجشەممە7-1-2016) ئەم بارودۆخە بەردەوامە.
لە ماوەی 37 ساڵدا ئەمە یەکەمجارە لە مانگی 12 و یەکدا لە هۆڵەندا تا ماوەیەکی زۆر کەشێکی نیمچە سارد هەبێت و پلەی گەرما لە ژێر سفرەوە نەبێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا کەشوهەوا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گۆڕدرا و باکووری هۆڵەنداش بەستی.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 6-1-2016 پیاوێک لە کاتی بردنە دەرەوەی سەگەگەی بە شێوەیەک خلیسکاوە، کە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، بە پێی ئامارەکانیش هەر ئەمڕۆ 150 کەس تووشی رووداوی خلیسکان بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
چەند رۆژێکە سێ پارێزگای باکووری هۆڵندا کۆدی پرتەقاڵییان لەسەرە و ئەمڕۆ بوو بە سوور کە کۆتا کۆدی ترسناکییە.
بەردەوام خەڵک ئاگادار دەکرێتەوە کە ئۆتۆمبێل بەکار نەهێنن و لە ماڵەوە بمێننەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ