ترەمپ: جیاوازیی ڤەنزوێلا و عێراق ئەوەیە، نەوتی ڤەنزوێلا دەبەین

06-01-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە دەستوەردانەکەی لە ڤەنزوێلا هاوشێوەی سیناریۆی جەنگی عێراق بێت و دەڵێت، جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە جۆرج بووش لە عێراق نەوتەکەی نەبرد، بەڵام "ئێمە لە ڤەنزوێلا نەوتەکە دەبەین."
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی (MSNBC) وردەکاریی پلانەکانی بۆ داهاتووی ڤەنزوێلا خستەڕوو.
 
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا، دەستوەردان و بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا ترسی دووبارەبوونەوەی "کارەساتەکەی عێراق" دروست دەکات، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی دایەوە، "جیاوازیی نێوان عێراق و ئەمە [ڤەنزوێلا] ئەوەیە کە جۆرج دەبلیو بووش نەوتەکەی نەبرد. ئێمە نەوتەکە دەبەین."
 
ترەمپ گوتی، "لە ساڵی 2016 گوتووم دەبوایە نەوتەکەمان [نەوتی عێراق] ببردایە، ئەوکات ئەو قسەیە مشتومڕی زۆری دروستکرد. ئێمە دامەزراوە نەوتییە وێرانبووەکانیان [ڤەنزوێلا] نۆژەن دەکەینەوە، بەڵام ئەمجارە نەوتەکە دەبەین."
 
کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەچنە ڤەنزوێلا
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکا بۆ بووژاندنەوەی کەرتی ڤەنزوێلا دەنێرێت و پێشبینی دەکات، پرۆسەکە کەمتر لە 18 مانگ بخایەنێت.
 
ترەمپ گوتی، "دەتوانین بە کەمتر لەو ماوەیەش ئەو کارە بکەین، بەڵام پارەیەکی زۆری دەوێ؛ پارەیەکی خەیاڵی خەرج دەکرێ کە کۆمپانیاکانی نەوت خەرجی دەکەن، دواتر ئێمە قەرەبوویان دەکەینەوە، یان لەڕێگەی داهاتەکەوە (داهاتی نەوتەکە) وەریدەگرنەوە."
 
"ئێمە لە جەنگداین"
 
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، سەرەڕای دانانی دێڵسی رۆدریگێز وەک سەرۆکی کاتی، "لەڕاستیدا ئەمریکا وڵاتەکە بەڕێوەدەبات."
 
ترەمپ رایگەیاند، گرووپێک لە بەرپرسانی باڵا بە سەرپەرشتیی خۆی دۆسیەی ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەن کە پێکهاتوون لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری؛ ستیڤن میلەر، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک.
 
ترەمپ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆوە گوتی، هێزەکانی ئەمریکا "ئازایەتییەکی بێوێنەیان" نیشاندا، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی کوبا پارێزگارییان لە مادورۆ کرد. ترەمپ ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە پەیامێکی بەهێز بۆ ڤلادیمیر پووتین، شی جین پینگ و ئێران ناوبرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ پێناسی گومرگیی جیهانی بۆ 15% بەرز دەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە رێژەی باجی گومرگی جیهانی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ وڵاتەکەی لە 10%ـەوە بەرزدەکاتەوە بۆ 15% و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە "راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت".