پنتاگۆن كۆمەڵێك وێنەی ئەشكەنجەدانی زیندانییانی عێراقی و ئەفغانی بڵاوكردەوە

06-02-2016
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن پنتاگۆن
A+ A-
رووداو ـ هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا 198 وێنەی ئەشكەنجەدانی زیندانیانی عێراقی و ئەفغانستانی بڵاوكردەوە، كە شوێنەواری لێدان بە جەستەیانەوە دیارە و لەلایەن هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا ئەشكەنجەدراون.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی لەسەر ئینتەرنێت وێنەكانی بڵاوكردەوە، ئەوەش  دوای مشتومڕێكی زۆری نێوان دادگا و وەزارەتی ئیتیحادی ئەمریكی بۆ ئازادیە مەدەنییەكان (ئاكلۆ)، بۆ بەرگریكردن لە مافی مەدەنییەكانی ئەمریكا دێت.

پێشتریش ئەو كۆمەڵەیە داوای بڵاوكردنەوەی 2 هەزار دانەی ئەو وێنانەی كردبوو كە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەڵگیراون.



جەمیل جیڤر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی كۆمەڵەی ئاكلۆ گوتی "ئەو وێنانە رای گشتی لەبارەی ئاستی راستەقینەی پێشێلكارییەكان هۆشیار دەكەنەوە".

هەروەها نورین شا لە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "ئەو وێنانە بەشێكی بچووكی ئەو ئەشكەنجانەیە كە ئەمریكا دژی زیندانیان پەیڕەویكردووە. ئەمە تەنها كاری هەندێك كەسی لەیاسا دەچوو نییە، بەڵكو بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی باڵای حكومی ئەنجامدراوە".



ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لە خولی رابردوو پەرلەمانتارێك لەسەر ئەم پرسە داواكارییەكی پێشكەش بە پەرلەمان كرد، پەرلەمانیش رەوانەی لیژنەی مافی مرۆڤی كرد، كە كۆمەڵێك عێراقی سكاڵایان دژی ئەمریكا تۆمار كردبوو، بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق لە هەموو پارێزگاكان ئۆفیس بكاتەوە و بەدواداچوون بۆ سكاڵاكانیان بكات، كە دژی ئەمریكا پێشكەشیان كردووە، ئێمەش وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ دیراسەتمان كرد، بەڵام ئەو كات بابەتەكە بێدەنگكرا، پێشم وایە دوای بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە ئەو پەرلەمانتارە دووبارە داواكاریەكە پێشكەش بە پەرلەمان دەكاتەوە".

ئەشواق جاف گوتیشی "كاتی بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە زۆر سەیرە، چونكە ئەمریكا بە نیازە هێز بنێرێتە عێراق، هاوكات عێراقیش پێویستی بە ئەمریكایە بۆ لەناوبردنی داعش، بۆیە پێم وایە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە لەم كاتەدا ئامانجی هەیە".



لە ساڵی 2004ـیش ژمارەیەك وێنەی ئەشكەنجەدانی زیندانیانی عێراقی لە بەندیخانەی ئەبوغرێب لەئەنیتەرنێت بڵاوكرایەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە