تەقینەوەیەک لە حوسەینییەیەکی پاکستان روویدا؛ زیاتر لە 30 کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە حوسەینییەیەکی شیعەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، زیاتر لە 30 کەس کوژران و نزیکەی 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 6ی شوباتی 2026، تەقینەوەیەک لە ناوچەی "تەرلای" لە ئیسلام ئاباد روویدا. پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، تەقینەوەکە حوسەینییەیەکی شیعەکانی کردووەتە ئامانج و تەقینەوەکە دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی بووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی دەسەڵاتدارانی ئیسلام ئاباد، بەهۆی گەورەیی تەقینەوەکە ژمارەی قوربانییان زۆرە و تاوەکو ئێستا "زیاتر لە 30 کەس کوژراون و زۆرتر لە 90 برینداریش گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان."
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە حکومەتی پاکستان بە میدیاکانی راگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەسێک بە چەکەوە چووەتە بەردەم حوسەینییەکە و دوای رووبەڕووبوونەوە، خۆی تەقاندووەتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
 
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بە تووندی سەرکۆنەی تەقینەوەکەی کرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی هۆکار و لایەنی پشت هێرشەکە دەستی پێکردووە.
 
پاکستان وڵاتێکی ئیسلامییە و نزیکەی 97٪ی دانیشتووانەکەی موسڵمانن، کە زۆرینەیان (90٪) لە پەیڕەوانی مەزهەبی سوننەن و کەمینەیەکی شیعەش لەو وڵاتەدا نیشتەجێن، کە جاروبار دەبنە ئامانجی هێرشی گروپە تووندڕەوەکان.