نیکی هەیلی لە رکابەرایەتیی بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە

06-03-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن نیکی هەیلی
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

کەسێکی نزیک لە نیکی هەیلی رایگەیاند بەربژێرەکەی کۆمارییەکان بڕیاریداوە بکێشێتەوە و رێگە بۆ ترەمپ چۆڵبکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە 19 هەڵبژاردنی بەرایی، تەنیا لە دووانیان بردییەوە.
 
رۆژی چوارشەممە (06-03-2024) نیکی هەیلی، بەربژێری کۆمارییەکان و تاکە رکابەرەکەی دۆناڵد ترەمپ، هەروەک کەسێکی نزیکی باسیکردووە، بڕیاریدا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیی کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو بکێشتەوە.
 
بڕیارەکەی نیکی هەیلی، وەک ئەو سەرچاوەیە باسیدەکات، دوای ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنەکانی بەرایی سێشەممەی گەورە (سوپەر تیوزدەی) نەیتوانی بباتەوە، لە کۆی 15 ویلایەت، لە 14ـیان دۆڕاندی و پێشتریش لە چوار هەڵبژاردندا تەنیا لە یەکیان بردبوویەوە.
 
هەر کەسێک ببێتە بەربژێری سەرەکیی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پێویستی بەوەیە پاڵپشتیی 2 هەزار و 429 نوێنەر بەدەستبهێنێت. نیکی هەیلی توانی لە رۆژی سێشەممەی گەورەدا 43 نوێنەر بباتەوە و، ژمارەی نوێنەرەکانی بگەیێنێتە 86 نوێنەر.
 
لەلایەکی دیکە، لەو 14 ویلایەتەی ترەمپ تێیاندا براوەی زۆرینەی دەنگەکان بووە، توانیویەتی 722 نوێنەر کۆبکاتەوە. تاوەکو ئێستاش بە گشتی 966 نوێنەری کۆکردووەتەوە. 
 
نیکی هەیلی پێشتر ساڵانێک حاکمی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور بووە و لە ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپیشدا باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
هەیلی لە شوباتی 2023 رایگەیاند خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بەربژێر دەکات و دەبێتە رکابەری ترەمپ.
 
پێش نیکی هەیلی، چەند بەربژێرێکی دیکەی کۆمارییەکان لە کێبڕکێکە چوونە دەرەوە، لەوانەش: تیم سکۆت، ڤیڤێک رامازوامی، مایک پێنس، ئاسا هەتچینسن، رۆن دیسانتیس و کریس کریستی.
 
نیکی هەیلی دەبێتە دوایین رکابەری ترەمپ لە حیزبە سوورەکە بکشێتەوە و ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، "هەیلی بڕیاریداوە پاڵپشتیی خۆی بۆ ترەمپ رانەگەیەنێت."
 
هەرچەندە نیکی هەیلی بەبێ دەستکەوت دەکشێتەوە، بەڵام ئەو بووە یەکەم ژنە بەربژێر هەڵبژاردنێکی بەرایی بباتەوە کە هەڵبژاردنی واشتنتن دی سی و ویلایەتی ڤێرمۆنت بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە