رووداو دیجیتاڵ
بواری موگناتیسیی زەوی، ژیانی ئێمە و هەموو زیندەوەرانی دیکە لەسەر هەسارە شینەکەمان دەپارێزێت؛ گەردوونناسەکانیش بەڵگەیان دۆزیوەتەوە لەسەر هەبوونی بواری موگناتیسی لە هەسارەیەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر کە 12 ساڵی رووناکی لێمانەوە دوورە.
رەنگە هەندێ جار وەکو پێویست لە سوودەکانی بواری موگناتیسیی هەسارەکەمان وردنەبینەوە، بەڵام هەر ئەو بوارە موگناتیسییەیە کە وا دەکات ئێمە لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر پارێزراو بین و هەر ئەویشە کە نیشانەی قیبلەنماکان دەخاتە سەر باکوور و شەفەقی جەمسەرەکانیش (ئۆرۆرا) هەر بەهۆی ئەوەوە دروست دەبێت. زانایان ئێستا بەڵگەیان دۆزیوەتەوە، کە هەسارەیەکی دیکەش وەکو زەوییەکەمان بواری موگناتیسیی هەبێت.
زانایان بە بەکارهێنانی تێلیسکۆپی Very Large Array (VLA) لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆی ئەمریکا چاودێری هەسارەیەکیان کردووە بە ناوی YZ Ceti b (وای زی سێتی بی) کە 12 ساڵی رووناکی لێمان دوورە و بە دەوری ئەستێرەیەکەدا دەسووڕێتەوە.
ئەمە یەکەمین جارە بواری موگناتیسی لە هەسارەیەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بدۆزرێتەوە، وەک ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە 3ی نیسان لە گۆڤاری Nature Astronomy بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی پێکردووە.
جۆو پێس، لێکۆڵەری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە و بەڕێوەبەری ناوەندی رادیۆی نیشتمانیی چاودێریکردنی گەردوونی، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات کە نەک تەنیا ئەم هەسارەیە بواری موگناتیسی هەیە، ئەوەش پێشان دەدات کە رێگەیەک هەیە بۆ زانینی شتی زیاتر."
گەردوونناسان بایەخ بە بوارە موگناتیسییەکان دەدەن، چونکە بواری موگناتیسی یەکێكە لەو پێکهاتە پێویستانەی کە وا لە هەسارەکان دەکەن بە کەڵکی ژیان بێن.
بێ هەبوونی بواری موگناتیسی، گەردە بارگەدارەکانی ئەستێرەکان بەرگەهەوای هەسارەکان لەنێودەبەن، لە ئەنجامدا ئەو گازەی کە بۆ ژیان پێویستە، دەڕوات و دیارنامێنێت.
پێس دەڵێت، "گەڕان بەدوای ئەو جیهانانەی لە کۆمەڵەی خۆرەکانی دیکەدا بۆ ژیان و نیشتەجێبوون دەستدەدەن بەشێکی بەندە لەسەر ئەوەی تا چەند دەتوانین بزانین ئایا هەسارە سەختەکانی هاوشێوەی زەوی بواری موگناتیسییان هەیە."
وێڕای دۆزینەوەی ئەم ئاماژانە، گەردوونناسان دەڵێن، هەسارەی YZ Ceti b بە کەڵکی ژیان نایێت، چونکە زۆر لە ئەستێرەکەیەوە (یاخود خۆرەکەی) نزیکە و پلەی گەرمییەکەی زۆر لەوە زیاترە زیندەوەران بەرگەی بگرن. هەروەها بە خێرایێکی زۆر بە دەوری ئەستێرەکەیدا دەسوڕێتەوە، بە جۆرێک کە یەک ساڵی، تەنیا دەکاتە دوو رۆژی ئێمە.
لێکۆڵەران دەڵێن، هەسارەکە هێندە نزیکە لە ئەستێرەکەیەوە، بە جۆرێک کە خۆی بەو تەنانەدا دەکێشێت کە لە ئەستێرەکە جیادەبنەوە.
بواری موگناتیسیی هەسارەکە پلازمای بارگاویکراو بە ئەلیکترۆن، پاڵدەنێتەوە بۆ دواوە بەرەو ئەستێرەکە؛ پاشان پلازماکە بەر بواری موگناتیسیی ئەستێرەکە دەکەوێتەوە و وزەیەکی گەورەی لێ دروستدەبێت.
تیمی لێکۆڵەران دەڵێن، دەکرێت ئەو شەپۆلە رادیۆییانەی هەستیان پێ کردووە، سەرچاوەکەیان شەفەقێکی ئەستێرەکە بێت و لە ئەنجامی کارلێکەکەی لەگەڵ هەسارەکە دروستبووبێت.
سبێستیان پاینێدا، گەردوونناس لە زانکۆی کۆلۆرادۆ بۆڵدەر و هاونووسەری لێکۆڵینەوەکە، دەڵێت: "پێویستە لەسەر هەسارەکەش شەفەق هەبێت ئەگەر بەرگەهەوای هەبێت. ئەمە زانیاریی نوێمان پێدەڵێت لە بارەی ژینگەی دەوروبەری ئەستێرەکان. ئەمە ئەو شتەیە ئێمە پێیدەڵێین کەشوهەوای بۆشایی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ