ترەمپ: لەو خەڵکە تووڕەم کە دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانمان نارد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "لە هەندێک خەڵکی دیاریکراو تووڕەم، چونکە دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرتووە کە بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانمان نارد".
 
دەشڵێت، باجێکی گەورە دەدەن بۆ ئەو کارەیان.
 
ترەمپ بەدیاریکراوی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە هەندێک چەکمان نارد. بڕیار وابوو بگاتە دەستی خەڵکەکە [خۆپێشاندەرانی ئێران] بۆ ئەوەی بتوانن لە دژی ئەم چەتانە [حکومەتی ئێران] بجەنگن. بەڵام ئەو کەسانەی چەکەکەمان بۆ ناردبوون، بۆ خۆیان هەڵیانگرت. من لە گرووپێکی دیاریکراوی خەڵک تووڕەم و بۆ ئەو کارەیان باجێکی گەورە دەدەن".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە، 6-4-2026، لە ئاهەنگی جەژنی ئیستەر - هەستانەوەی کریستیانەکان لەنێو باخچەی کۆشکی سپی ئەو قسانەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ بە کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی راگەیاند، لە رێگەوی کوردەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران ناردووە، بەڵام ئەوان [کوردەکان] دەستیان بەسەردا گرتووە و چەکەکەیان لای خۆیان هێشتووەتەوە.
 
وەڵامی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟
 
دوێنێ یەکشەممە، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی دۆناڵد ترەمپیان دایەوە و رایانگەیاند، هیچ جۆرە چەک و هاوکارییەکی سەربازییان لە ئەمریکاوە پێنەگەیشتووە و ئەو چەکانەی لەبەردەستیاندان "کۆنن و هی ئێستا نین".
  
کاکۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک حیزبی خۆمان، هیچ چەکێکمان بۆ نەهاتووە و هیچیشمان وەرنەگرتووە، تەنانەت ئاگاداری بابەتەکەش نین. پێشتر هیچ باسی ئەو بابەتە نەکراوە و لەو بارەیەوە کەس قسەی لەگەڵ نەکردووین و قسەشمان لەگەڵ کەس نەکردووە."
 
لەسەر هەمان پرس، محەممەدنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بە رووداوی گوت: "سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە خۆپێشاندان بە تووندوتیژی و رێکاری تووند و تیژ بکەین، بەڵکو ئێمە رامان وایە دەبێت داواکارییەکانمان بە شێوازێکی ئاشتییانە و مەدەنییانە بکەین بەبێ چەک. ئەو قسانەی کراون بێ بنەمان و ئێمە هیچ چەکێکمان وەرنەگرتووە، ئەو چەکانەی هەمانە هی 47 ساڵ پێش ئێستان و دەستکەوتمان بوون لە مەیدانی شەڕی کۆماری ئیسلامی، هەندێکیشمان لە بازاڕ کڕیوە."
 
هاوکات، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەو چەکانەی هەمانە چەندین ساڵە لامانە، هی 30 بۆ 40 ساڵ لەمەوبەرن. هەندێکیشمان لەم دواییانەدا لە بازاڕی رەش کڕیوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە یەک فیشەک و یەک چەکمان لە هیچ وڵات و شوێنێک وەرنەگرتووە و ئاگاداری بوونی کارێکی لەو شێوەیەش نین؛ ئەوەی هەمانە هی خۆمانە."
 
سروە ناسری، نوێنەری رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (ئێران) لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی هاوکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە رووداوی گوت: "حیزبەکەی ئێمە یەک فیشەک، یەک مەحزەنی بەتاڵ و یەک دیناری بۆ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران وەرنەگرتووە و نە هیچ قسەیەکیشمان لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە زلهێزانەدا کردووە.
 
هەروەها هامنۆ نەقشبەندی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی سوپای میللیی کوردستان (سەربە پارتی ئازادیی کوردستان) بە رووداوی راگەیاند: "وەک حیزبەکەمان، پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێمە ناڕوونە. ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئێمە وەک سوپاکەمان بە هیچ شێوەیەک نە لە ئەمریکا و نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە چەکمان وەرنەگرتووە، تەنانەت فیشەکێکیش". 
 
هامنۆ نەقشبەندی گوتی: "چەکەکانی ئێمە بۆ کاتی شەڕی پارتیزانیی دوو تا سێ دەیە لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، بەشێکیشیان هی سەردەمی شەڕی داعشن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئەمریکا و ئێران

راپۆرتێک: ئەمریکا و ئێران گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستێکی 45 رۆژە دەکەن

ئەمریکا و ئێران لەگەڵ گرووپێک لە نێوەندگیرە ناوچەییەکان خەریکی تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئاگربەستێکی 45 رۆژین؛ سەرچاوەکان دەڵێن ئەمە "دوایین دەرفەتە" بۆ رێگری لە وێرانکاریی گەورە.