گالەری

06-09-2018
28 Photos
هەڵات رێبوار
رووداو  - AFP

کارەساتێکی دیکەی سرووشتی بەرۆکی ژاپۆنی گرت، بەمەش ئەو هاوینە ژاپۆن بەردەوام رووبەڕووی کارەساتی سرووشتیی وەکو: لافاو، باهۆز، بوومەلەرزە، رۆچوونی زەوی و شەپۆلی گەرمای بەهێز بووەتەوە، کە لەزۆربەیان زیانی گیانی هەبووە.

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلەی رێختەر باکووری دوورگەی هۆکایدۆی لە ژاپۆن هەژاند، بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی رۆچوونی زەویش، لە ئەنجامدا چەند ماڵێک رووخاون و چەند کەسێکیش بێسەروشوێن بوون.

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەپێی کۆمپانیای کارەبای هۆکایدۆ: نزیکەی سێ ملیۆن ماڵ بێ کارەبا بوون.

شێنزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند: چوار هەزار کارمەندی هێزەکانی ناوخۆمان ناردووە بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی خەڵکدا بەشدار بن، ئەگەر پێویست بکات ئەو ژمارەیە بۆ 25 هەزار کارمەند بەرزدەکەینەوە.


باهۆزی جێبی

بوومەلەرزەکە لەکاتێکدا روویدا، کە ژاپۆن هێشتا بەدەست کاریگەرییە خراپەکانی باهۆزی جیبی دەناڵێنێت. باهۆزەکە هێندە بەهێز بووە، کە ماوەی 25 ساڵە ژاپۆن باهۆزی وا بەهێزی بەخۆیەوە نەبینوە.
 
11 کەس بەهۆی باهۆزی جیبی گیانیان لەدەستدا و 600 کەسی دیکەش بریندارن، ئەمەش جگە لە زیانە ئابوورییەکانی باهۆزەکە کە بووە هۆی داخرانی فڕۆکەخانەی کانسای لە پارێزگای ئۆساکا و تائێستاش هەزاران کەس لە فڕۆکەخانەکە گیریان خواردووە.

خێرایی با گەیشتووەتە 216 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، سەقفی ماڵانی هەڵکەندووە، ئۆتۆمبێلەکانی بەیەکدیدا داوە و تەنانەت کەشتییەکی بارهەڵگر کە قورسایی دوو هەزار و 591 تۆن بووە پاڵناوە، بەجۆرێک بووەتە هۆی ئەوەی خۆی بەو پردە بکێشێت کە دەچێتە رێگەی فڕۆکەخانەکەی کانسای و فڕۆکەخانەکەش هەر لەبەر ئەو هۆیە داخراوە.