هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بەڕێوەدەچێت؛ هەشت کورد بەربژێرن
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا 2 رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی نەرویج، کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەنگدان تێیدا ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە لەم خوولەدا گرنگییەکی تایبەتی وەرگرتووە بۆ کوردی دیاسپۆرا لە نەرویج، بەتایبەتی کە 8 کورد خۆیان بەربژێر کردووە بۆ کورسییەکانی پەرلەمان.
لەنێو ئەو 8 بەربژێرەدا، ئێستا دوویان پەرلەمانتارن و 6ی دیکەش وەک رووی نوێ و پێشمەرگەی دیاسپۆرا لە سیستمی سیاسیی نەرویج دا دەرکەوتوون، کە بە شێوازێکی دیموکراتیانە هەوڵی پێشخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد دەدەن.
یەکێک لەم بەربژێرە نوێیانە خاتوو دەریا قادرە، بەربژێری ژمارە 2 لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران (کۆنزێرڤاتیڤ) لە بازنەی هەڵبژاردنی ئۆستفۆڵد، ئەو 22 ساڵە لە نەرویج دەژی و 4 ساڵە ئەندامی چالاکی پارتی پارێزگارانە، سەبارەت بە هۆکاری بەربژێرکردنی خۆی بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا رایگەیاند، "وەکو کوردێک و هاووڵاتییەکی نەرویجی، بە ئەرکی خۆم زانیوە ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵبگرم و خزمەت بە گەل و وڵاتەکەم بکەم، پێم وایە لە هەر شوێنێک مرۆڤێک هەستی کرد کۆمەڵگاکەی پێویستی بە گۆڕانکارییە، دەبێت هەڵوێستی هەبێت و هەوڵی گۆڕانکاری بدات. پەرلەمان خۆی وەک پلاتفۆرمێکە بۆ گۆڕانکارییەکان، منیش دەمەوێت لەم رێگەیەوە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا دروست بکەم، بەپێی توانا و ئەو ئەزموونانەی هەمە."
خاتوو دەریا قادر جەختی لەسەر گرنگی بەها کۆمەڵایەتییەکان وەک هاوکاری و یارمەتیدان لەنێو کۆمەڵگەدا کردەوە، بەتایبەتی لەم قۆناخە سەختەی ئەورووپا پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها ئاماژەی بە پاراستنی مافی تاک، ئازادیی رادەربڕین و پەیوەندیی خێزان و منداڵ دا کە وەک بنەما و بڕوای سەرەکی بۆ کاری پەرلەمانی خۆی دەیانبینێت.
سەبارەت بە چانسی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەدا و رۆڵی گرنگی دەنگدەری کورد لە نەرویج، دەریا قادر باوەڕی وایە کە کوردی دانیشتووی نەرویج وەک کۆمەڵگەیەکی چالاک و بەهێز، دەتوانن رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرنگ بگێڕن لە سەرکەوتنی، بە مەرجێک هەموویان بە گشتی و بەبێ جیاوازی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. گوتیشی، "ئەوە وەڵامی منە بە کورتی، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆرینەش پەیوەندییان پێوە کردوومە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوکاری و هەر شتێک کە پێویست بێت."
لەبارەی هەڵوێستی پارتی پارێزگاران سەبارەت بە پرسی کورد کرد، بەتایبەتی کە هەندێک بەرپرسی گەورەی نەرویجی هەوڵدەدەن بە زمانی کوردی قسە بکەن و سۆزی کورد بەلای خۆیاندا رابکێشن، دەریا قادر گوتی، "مایەی خۆشحاڵییە و شانازییە کە سیاسەتمەدارەکان یان هەر کەسێک لە پێگەیەکی بەرزدایە بە زمانی کوردیی ئێمە بدوێت، بەڵام با بەو شێوەیە نەبێت کە تەنیا بۆ راکێشانی سۆزی کورد بێت، بۆ ئێستا وردبینی و پێشینەی کارەکان زۆر گرنگە."
گوتیشی، "پارتی پارێزگاران (کۆنزێرڤاتیڤ) هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکە لایەنە کە لە نەرویج بە روونی لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیدا پشتیوانی لە دۆزی سەربەخۆیی کورد بکات، بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ". هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئێریک، سەرۆکی حیزبەکە، دۆستێکی نزیکی کوردە، نەک هەر بە قسە، بەڵکو بە کرداری لە زۆر بۆنەی کوردیدا یەکەم کەسە کە دێت و بە پۆشاکی کوردییەوە بەشداری دەکات. سەلماندوویەتی کە دۆستێکی راستەقینەی کوردە، لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیشدا، وەکو چاودێری نێودەوڵەتی هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە."
خاتوو دەریا قادر باسی لەوە کرد، پێش بەرنامەکە لەگەڵ ئێریک، سەرۆکی حیزبەکەی قسەی کردووە، بێگومان سڵاو و رێزی تایبەتی هەبووە بۆ گەلی کورد و دەڵێت، "پێم راگەیاند، من میوانی رووداوم، ئەو خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و هاوکات گوتی: ئێمە لە پەرلەمان پلانەکەمان ئاوهایە، سەرەتا کۆنفرانسێک سەبارەت بە سەربەخۆیی کورد، هەروەها خەبات و گرنگیی گەلی کورد لە شەڕی داعشدا دروست دەکەین، ئەو کۆنفرانسە کە رێکبخرێت، پێموایە زۆر زۆر گرنگ دەبێت، هەروەها دەیانەوێت کۆنسووڵخانەیەک لە هەولێر و لە رۆژئاوا بکەنەوە، دەیانەوێت پەیوەندیی هەردوو گەلی کورد و نەرویج و هەردوو کولتوورەکان بەهێزتر بکەن، بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ هاوکاریی ئابووری و بازرگانی بەهێزتر بکەن."
هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشکاری بەرنامەکە داوای لە کوردانی نەرویج کرد، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە دەریا قادر بدەن، بەتایبەتی کە ئەو "کچی خۆمانە و پێشمەرگەی دیاسپۆرایە بە شێوازێکی دیموکراتیانە" لەنێو سیستمی سیاسیی نەرویج دا بۆ پێشخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد خەبات دەکات، وەکو گوتیشی پارتەکەشی پشتیوانییەکی زۆری لە کوردستان و دۆزی کورد دەکات.