300 کورد خۆیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بەربژێر کردووە

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی، جڤاتی شارەوانی و ناوچە و خۆگونجاندنن. واتە زۆرتر لە هەڵبژاردنێکن و تێیاندا نزیکەی 300 کورد لەسەر لیستی پارتەکان و هەندێکیان بە لیستی سەربەخۆ و هەندێکیشیان وەکو کەسی بێ پارت خۆیان بەربژێر کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ 6 ئێزدی لە شارە جیاوازەکانی هەرێمەکە بەربژێرن، یەکێکیان ناوی هیلمەنت خەڵاتە و لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکراتی دەسەڵاتدار خۆی بەربژێر کردووە.
 
هیلمەند لەدایکبووی ساڵی 2000ـە و خەڵکی شاریای پارێزگای دهۆکە، نزیکەی سێ ساڵە لەگەڵ رێکخراوێک کە کەمالێکی عەلەویی خەڵکی تورکیا دایمەزراندووە هاوکاریی بیانییەکان لە شارەکەی خۆیاندا دەکەن.
 
 
هیلمەند خەڵات، بەربژێری کورد لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکرات دەڵێت، "من لە ساڵی 2022ـەوە لە رێکخراوی "زۆلیبووند ئێڤاو" کار دەکەم، لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە هاوکاریی هاونیشتمانییانی خۆم و هەموو کەسێک دەکەم کە لە دەوروبەرم بێت، لەبەر ئەوە هەوڵدەدەم کە ئەنجوومەنی یەکخستن (Integrationsrat) بتوانێت شوێنێکی گەورەتر و هاوکارییەکی زیاتری بۆ وڵاتەکەم هەبێت، لەبەر ئەوەش چوومەتە نێو ئەنجوومەنی یەکخستنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا قۆناخێکە و من لە بواری سیاسەتدا بەردەوام دەبم و هەرچەند بتوانم هاریکەریی بکەم دەیکەم."
 
نزیکەی 20 ساڵە هیلمەند لە گەڕەکی پۆرتس لە کوێلن نیشتەجێیە، گەڕەکێک کە پڕە لە بیانی و لەنێویاندا هاوئایین و هاونەتەوەکانی خۆی لێ دەژین.
 
ئەو گەنجە ئێزدییە لە زانکۆی کوێڵن لە بەشی کۆمەڵایەتی دەخوێنێت و لە قۆناخی کۆتاییدایە. بۆ ئەو زانینی ماف و ئەرکەکان بەتایبەتی دەرفەتەکانی مانەوە و وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون (ئیقامە) زۆر گرنگ بوو، هەر بۆیەش دەیەوێت لەو بوارەدا، لە لیژنەکانی کاروباری بیانییەکان کار بکات. 
 
هیلمەند خەڵات ئاماژە بەوە دەکات، "تەنیا بچمە نێو کۆمیسیۆنی نووسینگەی بیانییەکان (Ausländeramt). چونکە دەبینم خەڵک دێتە ئێرە، زۆرێکیشیان لە 2015ـەوە هاتوون و ئێستا بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دەرچووە، دوای 10 ساڵ کە مرۆڤ هەموو شتێکی خۆی لە عێراق فرۆشتبێت و بگەڕێتەوە، زۆر زەحمەتە پێویستە ئەو شتە رابگیرێت، یان پێویستە مرۆڤ بزانێت ستاتۆس و دۆخی لە ئەڵمانیا چۆنە، ئایا مرۆڤ دەتوانێت بۆ هەمیشە بمێنێتەوە یان نا؟ من دەمەوێت بۆ ئەم پرسە دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنم تاکو مرۆڤ بتوانێت بزانێت چارەنووسی چی دەبێت و چۆن دەتوانێت لێرە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە ژیان."
 
هیلمەند دەزانێت کە کاری ئەنجوومەنی بیانییەکان لە ئەڵمانیا راوێژکارییە، بەڵام دەتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت، وەکو لە هەڵسوکەوتەکانی هیلمەندەوە دیارە خۆبەربژێرکردنی سەرەتایەکە بۆ پلانێکی درێژخایەن بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیی ئەڵمانیادا.
 
هەرە لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن و هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی و جڤاتی شارەوانی و ناوچە و خۆگونجاندنن، دوو بەربژێری دیار میوانی دیاسپۆرا بوون، خاتوو ئارژین بیرهیمئۆغڵوو، بەربژێری لیستی "ئیلبۆ ئینتەرناسیۆناڵیست" لە شاری بۆخوم،  هەروەها یاسین کوت، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) بۆ شارەوانی لودن شاید، ئەوان تیشکیان خستە سەر رۆڵی کورد لە سیاسەتی ئەڵمانیادا و ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانەی کە لە بەردەمیانە.
 
خاتوو ئارژین بیرهیمئۆغڵوو کە خۆی بەربژێری لیستێکی کوردییە، بە پەرۆشییەوە باسی لە ئامانجەکانی لیستی ئیلبۆ کرد لە بۆخوم و گوتی "لیستی ئیلبۆ لەسەر بنەمای هاوکاریکردنی کۆچبەران و تازەهاتووان دامەزراوە، بە تایبەتی ئەوانەی کە دێنە ئەم وڵاتە نوێیە و دەیانەوێت هەست بە ماڵباتی بکەن". ئەو دەڵێت، "بۆخوم کە ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدا نیشتەجێیە، پێویستی بە نوێنەرایەتییەکی بەهێز هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکانی کۆچبەران".
 
سەبارەت بە کاریگەریی هەڵبژاردنەکە بەسەر چارەنووسی کۆچبەران و ئاسانکاریی بۆیان، خاتوو ئارژین گوتی، "ئێمە دەمانەوێت ژیان بۆ کۆچبەران ئاسان بکەین، چونکە رووبەڕووی کۆمەڵێک سەختی دەبنەوە، فێربوونی زمانی ئەڵمانی یان خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمێکی نوێدا ئاسان نییە، یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانمان دابینکردنی چاودێری منداڵانە بۆ دایکان، بە تایبەتی ئەو دایکانەی کە دەیانەوێت کار بکەن یان زمانی ئەڵمانی فێربن و پێویستە شوێنێک هەبێت کە دایکان دڵنیا بن منداڵەکانیان سەلامەتن، تاوەکو بتوانن بە ئارامی پەرە بە خۆیان بدەن و ببنە بەشێکی چالاک لە کۆمەڵگەدا."
 
خاتوو بیرهیمئۆغڵوو جەختی لەسەر گرنگی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو کردەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بەڵێنی دا کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بکات.
 
یاسین کوت، کە ماوەی 35 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە خەباتی سیاسی لە کوردستان و ئەڵمانیا هەیە، نوێنەرایەتی قووڵایی ئەزموونی سیاسی کوردی دەکات لە دیاسپۆرا، وەک بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کوت تیشکی خستە سەر گرنگی بەشداریی سیاسی کورد لە پێشخستنی کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا و گوتی، "وەکو گەلێک کە لێرە دەژین، پرس و گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆمان هەیە، پێویستە لە ژیانی ئەم وڵاتەدا بەشدار بین و کاریگەریمان هەبێت و پێویستە خۆمان بسەلمێنین کە ئێمەش وەک هاوڵاتییانی دیکەی ئەڵمانیاین و دەتوانین لە بنیاتنان و پێشخستنی ئەم وڵاتەدا هاوکار بین". 
 
یاسین کوت ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی قوتابخانە، خانەوادە، دابینکردنی ماڵباتی و پێشخستنی ژێرخانی شارەکان، هەموویان بابەتێکن کە لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا بڕیاریان لەسەر دەدرێت و کورد دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. دەڵێت، "یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانمان، دابینکردنی باخچەی ساوایانی خۆڕاییە بۆ منداڵانی تەمەن سێ ساڵ، ئەمە یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ خێزانەکان، بەتایبەتی بۆ دایکان و باوکان کە کار دەکەن و پێویستیان بە چاودێری منداڵەکانیان هەیە". 
 
کوت باسی لە کاریگەری نەژادپەرستی کرد کە لە ئەورووپا بە گشتی و ئەڵمانیا بە تایبەتی لە زیادبووندایە، ئەو دەڵێت، "بەشداریی چالاکی ئێمە لە سیاسەتدا بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی خۆمان، باشترین رێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتە نەژادپەرستەکان و دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر."
 
هەردوو بەربژێرەکە، سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە لیستی پارتەکان هاودەنگ بوون لەسەر گرنگی بەشداریی سیاسی کورد، خاتوو ئارژین بیرهیمئۆغڵوو داوای لە کوردی بۆخوم کرد دەنگ بە لیستی ئیلبۆ بدەن، چونکە نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێداویستییەکانی کۆچبەران دەکەن و دەڵێت، "ئێمە دێینە ناوەندی بڕیاردان بۆ ئەو کەسانەی کە کەس نەیاندەبینی، ئێمە دەنگێکی نوێین بۆ کۆچبەران."
 
لە لایەکی دیکەوە، یاسین کوت بە پشتبەستن بە ئەزموون و تێگەیشتنی قووڵی لە سیستمی سیاسی ئەڵمانیا، داوای لە کوردی لودن شاید و سەرانسەری نۆردراین ڤێستفالن کرد کە بەشدارییەکی چالاک بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا و گوتی، "هەر دەنگێک دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر پێویستە پشتگیری لەو کەسانە بکەین کە دەتوانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی ئێمە بکەن و کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی بکەن."
 
ئەم هەڵبژاردنانە نەک هەر تەنیا بۆ دیاریکردنی سەرکردەکانی خۆجێیی گرنگن، بەڵکو دەرفەتێکن بۆ کوردی دیاسپۆرا بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دەنگێکی کاریگەر و رۆڵێکی چالاک بگێڕن لە بننیاتنانی داهاتووی نۆردراین ڤێستفالن و ئەڵمانیا بە گشتی. بەشداریی چالاکانە لەم هەڵبژاردنانەدا، نەک تەنیا مافێکی دیموکراسییە، بەڵکو ئەرکێکیشە بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.