وەزارەتی پەنابەرانی هەرێمی نۆردراین-ڤێستفالن بۆ رووداو: داوامان کردووە دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان رابگیرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەنابەران و خۆگونجاندنی هەرێمی NRW  پشتڕاستیکردەوە لەو 50 کەسەی مانگی رابردوو لە شاری دۆسڵدۆرفەوە بۆ بەغدا دیپۆرتکراونەتەوە، حەوتیان کوردی ئێزدی بوون. راشیگەیاند، داوایان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە، کە مافی نیشتەجێبوون بداتە کوردی ئێزدی یان  دیپۆرتکردنەوەیان رابگرێت.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی منداڵان، گەنجان، خێزان، یەکسانی، پەنابەران و خۆگونجاندنی هەرێمی نۆردراین-ڤێستفالن ئەمڕۆ، 6ی تشرینی یەکەمی 2025 لە ئیمەیڵێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی 50 کەسی خاوەن ناسنامەی عێراقی دا. ئەو گوتەبێژە رایگەیاند، هەر کەسێک بۆ عێراق گەڕێندرابێتەوە مافی نیشتەجێبوونی وەرنەگرتووە یان بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی دراوە.
 
وەزارەتی هەرێمی نۆردراین-ڤێستفالن گوتی، حکومەتەکەیان سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە گەڕاندنەوەی کەسانی "مەترسیدار و تاوانباران".
 
هەر کەسێک مافی نیشتەجێبوونی نەمابێت یان وەرینەگرتبێت یان فەرمانی جێهێشتنی ئەڵمانیای وەرگرتبێت، ئەوا بەپێی مادەی 50 و 58ـی یاسای نیشتەجێبوون لە ئەڵمانیا دیپۆرت دەکرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، 50 کەس بە فڕۆکە بەرەو بەغدا گەڕێندرانەوە. لەو ژمارەیە 46 کەس لە هەرێمی NRW بوون و لەنێویاندا 26 تاوانباری خاوەن ناسنامەی عێراقی هەبوون. هەروەها حەوت کوردی ئێزدی هەبوون.
 
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ عێراق، گوتەبێژەکەی وەزارەتی هەرێمی NRW گوتی: "ئێمە چەندین جار سەرنجمان خستووەتە سەر رەوشی ئێزدییەکان و داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان رابگرێت یان دەرفەتی نیشتەجێبوونیان پێبدات، چونکە ئەوان بەهۆی داعشەوە رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە."
 
هەرچەندە هەرێمەکە بە پشتبەستن بە یاسایەکی پەرلەمان لە کۆتایی 2023 تاوەکو حوزەیرانی 2024 دیپۆرتکردنەوەی کچ و ژنانی ئێزدییان راگرتبوو، بەڵام گوتەبێژەکە دەڵێت، دەرفەتە یاساییەکانیان بۆ راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان "کۆتایی هات".
 
گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، ئەوان وەک وەزارەتی هەرێمی داوا لە وەزیری فیدراڵی ناوخۆ، ئەلێکساندەر دۆبرینت، دەکەن کە "دەستبەجێ هەنگاو بنێت و هەوڵی یەکلاییکردنەوەی یاسای ئاسایش بۆ ئێزدییەکان بدات. چونکە حکومەتی فیدراڵی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەلایەن داعشەوە وەک جینۆساید ناساندووە."