رووداو دیجیتاڵ
لە مۆسکۆ دەستپێکی وەرزی زستان راگەیێندرا. لە ناوەندی پێشانگەکانی سەرەکیی رووسیا گەورەترین گۆڕەپانی سەهۆڵبەندان لە ئەورووپا کەوتە کار. هەزاران دانیشتووی مۆسکۆ و گەشتیاران روویان لە گۆڕەپانەکە کردووە.
ڤیکتۆر یەریۆمین، خوێندکارە و دەڵێت، "ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێ بووم، هەمیشە لە ئینتەرنێتەوە چاودێریم دەکرد، چونکە زۆر حەزم لە خلیسکێنەیە. بەتایبەتی لەسەر ئەم گۆڕەپانە، هەم بەهۆی گەورەییەکەی و هەم بەهۆی ئەوەی سەهۆڵەکەی زۆر باشە. سوپاسی تیمی پێشانگەی ڤێدێنخا دەکەم بۆ کارەکەیان."
شارەوانیی مۆسکۆ و بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگەی (VDNKh) چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ئەم گۆڕەپانی خلیسکێنەیە دەکەن، بۆیە کردنەوەی گۆڕەپانەکە هەموو ساڵێک وەکو جەژنێک پێشوازی لێ دەکرێت.
ئالیۆنا ڤۆرۆبیۆڤا، فەرمانبەری فڕۆکەخانەیە و باس لەوە دەکات، "هەموو ساڵێک چاوەڕێی کردنەوەی گۆڕەپانی خلیسکێنە دەکەم، چونکە زستانان زۆر حەزم لە خلیسکێنەیە. بەلای منەوە، خلیسکانێی سەر سەهۆڵ لەنێو هەموو خۆشی و کات بەسەربردنەکاندا لە پلەی یەکەمدایە. مرۆڤ لە وەرزی زستاندا ئەگەر هەموو رۆژێکیش نەبێت، دەتوانێت لە رۆژانی پشوودا بچێتە سەر سەهۆڵەکە؛ لە دانیشتن لە ماڵەوە باشترە مرۆڤ هەست بەم خۆشییە بکات."
نەبارینی بەفر لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ رووسیا، بەتایبەتی بۆ مۆسکۆ دۆخێکی دەگمەنە، بەڵام ئەمە رێگر نییە لەبەردەم خۆشیی خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ.
یێلێنا ژوک، جێگری سەرۆکی پێشانگەکە دەڵێت: "زستان یەکێکە لە هێماکانی وڵاتی ئێمە، هەر بۆیە هەمووان چاوەڕێی چالاکییەکانی زستان و ئاهەنگەکان دەکەن. زستان هەروەها وەرزی سەری ساڵیشە... هەمووان چاوەڕێی سوپرایز، دیاری و بەسەربردنی کاتێکی خۆشن لەگەڵ خێزانەکانیان بۆ سەری ساڵ. گۆڕەپانەکەشمان گونجاوترین شوێنە بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و بەرنامەی جوان و جەژنانەمان ئامادە کردووە."
خۆشەویستیی رووسەکان بۆ خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ لە خولیایەک زیاترە و وەک شێوازی ژیانی لێهاتووە. هەرخۆی لە وەرزشە زستانییەکانی وەک هۆکی و خلیسکێنەی هونەریدا، رووسیا لە جیهاندا هەمیشە لە ریزبەندیی پێشەوەدایە.
ئانا بێلۆڤا، بلۆگەرە و ئاماژە بەوە دەدات، "من عاشقی زستانی رووسیام، ڕەچەڵەکم دەگەڕێتەوە بۆ سیبیریا، هەر بۆیە حەزم لە سەرما و سەهۆڵبەندانە. ئەمڕۆ جلی 'کچە بەفرینە'م لەبەرکردووە، چونکە دەمەوێت هەم دڵی خۆم خۆش بکەم و هەمیش کەشێکی زستانە بە دەوروبەری خۆم ببەخشم."
سەهۆڵبەندانەکە لەسەر رووبەری 20 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە. لە مۆسکۆ هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا بە سەدان گۆڕەپانی خلیسکێنە دەکرێنەوە و تاوەکو کۆتایی مانگی ئادار خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ