بەریتانیا دوو منداڵی کورد دیپۆرتی فەرەنسا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بڕیارێکدا، کە پێشینەی نەبووە، حکومەتی بەریتانیا دوو منداڵی کورد دیپۆرتی فەرەنسا دەکاتەوە. منداڵەکان تەمەنیان 6 ساڵ و 9 ساڵانە و بە قاچاخ لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕێندراونەتەوە بەریتانیا.
دایک و باوکی منداڵەکان لە فەرەنساوە سکاڵایان لە حکومەتی بەریتانیا کردووە؛ ئەوان بە پشتبەستن بە مادەی 8ی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوایان کردووە ببردرێنە لای منداڵەکانیان، بەڵام دادگەی بەریتانیا داواکەی رەتکردوونەتەوە.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، بۆیە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی منداڵەکانی داوە، چونکە ئەگەر ئەمجارە دایک و باوکیان بهێندرێنە بەریتانیا، ئیدی ئەمە دەبێتە عادەت، دایک و باوکی دیکەش ژیانی منداڵەکانیان دەخەنە مەترسییەوە و بە تەنیا دەیاندەنە دەست قاچاخچی.
وەزیری نێوخۆی بەریتانیا لەگەڵ وەزیری نێوخۆی فەرەنسا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو دوو منداڵە کوردە رێککەوتوون.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەپێی داتا فەرمییەکان، تەنیا ئەم هەفتەیە 1378 کۆچبەر بە 24 بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا؛ ئەمەش بەراورد بە داتاکانی هەفتەکانی رابردووی ئەم ساڵ، ژمارەیەکی یەکجار گەورەیە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو 592 کۆچبەر بە 11 بەلەم پەڕیونەتەوە. بەریتانیا، حکومەتی فەرەنسا بەوە تۆمەتبار دەکات کە رۆژانی کۆتایی هەفتە ستافی کەمتر بۆ پاراستنی سنوورەکانی دادەنێت، بەو هۆیەوە کۆچبەری زۆرتر دەتوانن بپەڕنەوە؛ فەرەنساش ئەمە رەتدەکاتەوە.