رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی تووندی کردە سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ بەهۆی هاوکارینەکردنی واشنتن لە جەنگی ئێراندا. ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا دووبارە باسی لە پرسی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند کردەوە و ناتۆی بە رێکخراوێکی لاواز وەسف کرد.
ترەمپ کە پێشتر هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ کردبوو، رایگەیاند: "ئەگەر دەتانەوێت راستییەکە بزانن، هەموو شتێک لە گرینلاندەوە دەستیپێکرد. ئێمە گرینلاندمان دەوێت، بەڵام ئەوان نایانەوێت بماندەنێ، منیش پێمگوتن: ماڵئاوا."
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هەڕەشەی لکاندنی گرینلاندی بە ئەمریکاوە کردبوو، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی جەمسەری باکوورە و لە ژێر سەروەریی دانیمارکدایە، بەڵام دوای ناڕەزایەتیی ئەورووپییەکان پاشەکشەی لێ کردبوو.
لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ترەمپ رایگەیاند ناتۆ تەنیا "پڵنگێکی کارتۆنییە" و گوتی: "پووتین لە ناتۆ ناترسێت، بەڵکو ئەو لە ئێمە دەترسێت، زۆریش دەترسێت. ئەو چەندین جار ئەمەی پێگوتووم." ترەمپ هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە جەنگی ئێراندا "هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی هاوکاریمان نەکەن، تەنانەت رێگەیان نەدا فڕۆکەکانمان رێڕۆی نیشتنەوەی وڵاتەکانیان بەکاربهێنن."
ئەم هێرشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، بڕیارە مارك رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەم هەفتەیە بگاتە واشنتن. بەپێی راگەیێندراوی ناتۆ، رووتە رۆژی چوارشەممە لەگەڵ ترەمپ، مارکۆ ربیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری کۆدەبێتەوە. رووتە لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵێکی زۆری داوە هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و تووڕەنەکردنی ترەمپدا دروست بکات.
هێرشەکانی ترەمپ تەنیا ناتۆی نەگرتەوە، بەڵکو باسی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە ئاسیاش کرد، لەوانە کۆریای باشوور، ژاپۆن و ئوسترالیا. ترەمپ ئەوانی تۆمەتبار کرد بەوەی خۆیان لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدوور گرتووە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە 45,000 سەربازی وڵاتەکەی لە کۆریای باشوور کرد و گوتی: "ئێمە ئەو هەموو سەربازەمان بۆ پاراستنی ئەوان لە کیم جۆنگ ئون داناوە، کە پەیوەندیم لەگەڵیدا زۆر باشە. ئەو قسەی زۆر باشی لە سەر من کردووە و دەبینن کە دۆخمان لەگەڵ کۆریای باکوور چەندە نایابە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ