رووداو دیجیتاڵ
پاپا لیۆی 14، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان رایگەیاند، ئەو هەڕەشانەی بۆ گەیاندنی زیانی بەرفراوان بە ئامانجە سڤیلەکان لە ئێران دەکرێن "قبووڵنەکراون" و رەنگە ببنە هۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، پاپا لیۆ، لە کاتی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی (کاستێل گاندۆلفۆ) بەرەو ڤاتیکان، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەمڕۆ هەڕەشە لە هەموو خەڵکی ئێران کرا، ئەمەش بەڕاستی قبووڵنەکراوە. بێگومان لێرەدا پرسی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئارادایە، بەڵام زۆر لەوە زیاتر، ئەمە پرسێکی ئەخلاقییە."
هەرچەندە پاپا بە دیاریکراوی ناوی ئەمریکای نەهێنا، بەڵام لێدوانەکەی دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە "شارستانییەتێکی تەواو لەناودەچێت."
پاپا لیۆ، کە یەکەم پاپای ئەمریکییە لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکیدا، جەختی کردەوە کە "هێرشکردنە سەر ژێرخانی سڤیل دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە" و داوای لە لایەنەکان کرد "بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ."
پاپای ڤاتیکان گوتیشی: "با قسە بکەین، با بە رێگەی ئاشتییانە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین." هەروەها داوای لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە کرد کە تێوەگلاون لە جەنگەکە، پەیوەندی بە دەسەڵاتداران و نوێنەرانی پەرلەمانەوە بکەن و داوایان لێبکەن کار بۆ ئاشتی بکەن و جەنگ رەتبکەنەوە.
ئەم لێدوانەی پاپا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ترەمپ لەبارەی ئەو وادەیەی بۆ ئێرانی داناوە قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمشەو یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی مێژووی جیهانە و شارستانییەتێک لەنێودەچێت.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژی دابووە ئێران بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات و تەنگەی هورمز بکاتەوە، بەڵام رۆژی 5ـی ئەم مانگە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاژێری دیکە درێژکردەوە و لە "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت، واتە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ