سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوا لە ترەمپ دەکات مۆڵەتی ئێران درێژ بکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران گەیشتوونەتە قۆناخێکی کاریگەر و داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات مۆڵەتی ئێران بۆ دوو هەفتە درێژ بکاتەوە. هاوکات داواش لە تاران دەکات تەنگەی هورمز بکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە رایگەیاند: "هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی جەنگی بەردەوامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی جێگیر، بەهێز و کاریگەر بەرەو پێش دەچن، کە توانای ئەوەیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ئەنجامی بنەڕەتی."
 
سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دیپلۆماسی، روو لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "بە پەرۆشەوە داوا لە سەرۆک ترەمپ دەکەم کە ئەو وادەیەی بۆ ئێرانی دیاریکردووە، بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە."
 
لە بەرامبەردا، شەهباز شەریف داوایەک ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت: "پاکستان بە هەموو دڵسۆزییەکەوە داوا لە برایانی ئێرانی دەکات کە وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، تەنگەی هورمز بۆ ماوەی دوو هەفتە بکەنەوە."
 
سەبارەت بە هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لە بەرە جیاوازەکاندا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوای ئاگربەستێکی گشتگیر دەکات و دەڵێت: "داوا لە هەموو لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین لە هەموو شوێنێک ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگەیێنن، تاوەکو رێگە بۆ دیپلۆماسی خۆش بێت بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنای یەکجاری بە جەنگ."
 
شەهباز شەریف جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوانە تەنیا لە پێناو "بەرژەوەندیی ئاشتی و سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا" پێشنیاز کراون، بۆ ئەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی بگاتە ئەنجامی خوازراو.
 
هاوکات، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە پێگەی "ئەکسیۆس"ـی راگەیاند، ئاگەداری پێشنیازەکەی پاکستانن بۆ درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە بۆ ئێران دانراوە و وەڵامی پێشنیازەکە دەدەنەوە. 
 
بەرپرسێکی باڵای پاکستانیش قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و دەڵێت، بە ئەرێنییەوە لە پێشنیازەکەی پاکستان دەڕوانن. 
 
ئەمڕۆ ترەمپ لەبارەی ئەو وادەیەی بۆ ئێرانی داناوە قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمشەو یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی مێژووی جیهانە و شارستانییەتێک لەنێودەچێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژی دابووە ئێران بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات و تەنگەی هورمز بکاتەوە، بەڵام رۆژی 5ـی ئەم مانگە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاژێری دیکە درێژکردەوە و لە "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت، واتە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

هێرشی تووندی دیموکراتەکان بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ؛ 'سەرۆک ئەقڵی خۆی لەدەستداوە'

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ، هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە شارستانییەتێکی کرد و رایگەیاند، "ئەمشەو شارستانییەتێک بەتەواوی دەمرێت، هەرگیز زیندوو نابێتەوە." هاوکات کۆمارییەکان داوا لە ئێران دەکەن قسەکانی ترەمپ بە جیدی وەربگرێت و دیموکراتەکانیش دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا "شێت" بووە.