رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ سێشەممە 07-04-2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پڕۆژەیەکی هەموارکراو بدات بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران دایناوە.
هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی نێودەوڵەتی
بڕیارە دەنگدانەکە کاژێر 11:00ی بەیانی بە کاتی واشنتن (کاژێر 6:00ی ئێوارە بەکاتی هەولێر) دەستپێبکات. بەگوێرەی زانیارییەکان، دەقی بڕیارنامەکە لە چەند رۆژی رابردوودا دەستکاری کراوە و هەندێک بڕگەی لێ دەرهێندراوە، تاوەکو لەلایەن وڵاتانی خاوەن مافی ڤیتۆوە رەت نەکرێتەوە.
لەو رەشنووسە نوێیەی ئامادەیە، چیدیکە باس لە "رێگەدان بە بەکارهێنانی هێز" نەکراوە، تەنانەت بۆ مەبەستی بەرگریش.
ئامانجی بەحرێن و وڵاتانی کەنداو
بەحرێن بە پاڵپشتیی ئەمریکا و وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە کەنداو، دوو هەفتە لەمەوبەر دەستی بە دانوستاندن کرد بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەک کە رێگە بە وڵاتان بدات هێز بۆ کردنەوەی تەنگەکە بەکاربهێنن.
جەمال رووەیعی، باڵیۆزی بەحرێن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاندبوو کە جیهان ناتوانێت چاوپۆشی لەو "تیرۆرە ئابوورییە" بکات کە بەهۆی داخستنی تەنگەکەوە دروست بووە.
ئێران لە 28ی شوباتەوە گەمارۆیەکی کردەیی خستووەتە سەر ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت.
هەڵوێستی فەرەنسا، رووسیا و چین
دژایەتییەکانی فەرەنسا، رووسیا و چین وای کردووە دەقەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت. فەرەنسا تەنیا بەو مەرجە رازی بووە کە ئۆپەراسیۆنەکان "بەرگری" بن. بەڵام هێشتا مەترسیی ڤیتۆکردنی پڕۆژەکە لەلایەن رووسیا و چینەوە لە ئارادایە، هەر بۆیەش دەنگدانەکە کە بڕیار بوو هەفتەی رابردوو بکرێت، دواخرا.
رەشنووسە نوێیەکە داوا لە وڵاتان دەکات هەوڵەکانیان "کە سرووشتێکی بەرگرییان هەبێت" هاوئاهەنگ بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی و پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان. هەروەها بڕیارنامەکە داوا لە ئێران دەکات:
1- دەستبەجێ هەموو هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان رابگرێت.
2- کۆتایی بە هەر هەوڵێک بهێنێت بۆ رێگریکردن لە ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
3- هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنیی ئاو، نەوت و گاز بوەستێنێت.
کێبڕکێ لەگەڵ کات
ئەم دەنگدانە تەنیا چەند کاژێرێک پێش کاژێر 3ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دێت کە ئەوەش ئەو دوا وادەیەیە دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێرانی دیاریکردووە تاوەکو رێککەوتن بکات، ئەگەرنا سوپای ئەمریکا وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە وێران دەکات.
دانیال فۆرتی، بەرپرس لە گرووپی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان دەڵێ، ئەگەر ئەم بڕیارنامەیە تێپەڕێت، بەحرێن و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی لە رەتکردنەوەی کارەکانی ئێران بەدەستدەهێنن. لە بەرامبەردا، رووسیا و چینیش توانیویانە رێگری لەوە بکەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان رەوایەتی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و پەرەپێدانی جەنگەکە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ