هەڕەشەیەکی تووند لە ترەمپەوە بۆ ئێران: ئەمشەو تەواوی شارستانییەتێک دەمرێت

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی قورس لە ئێران دەکات و دەڵێت، "ئەمشەو تەواوی شارستانییەتێک دەمرێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە".

لە ترووس سۆشیال، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پۆستێکی نوێی کرد کە هەڕەشەیە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران.

لە پۆستەکەیدا ترەمپ رایگەیاند، "ئەمشەو تەواوی شارستانییەتێک دەمرێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە. من نامەوێت ئەوە رووبدات، بەڵام پێدەچێت رووبدات."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەرچەندە، ئێستا کە گۆڕانکاریی تەواوەتی و هەمەلایەنەمان لە رژێمدا هەیە، کە تێیدا عەقڵی جیاوازتر، زیرەکتر و کەمتر تووندڕۆ زاڵ دەبن، رەنگە شتێکی شۆڕشگێڕانەی ناوازە رووبدات، کێ دەزانێت؟ ئەمشەو بۆمان دەردەکەوێت، کە یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی مێژووی درێژ و ئاڵۆزی جیهان."

 
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران نووسیویەتی، "47 ساڵ لە سەرانەوەرگرتن، گەندەڵی و مردن، دواجار کۆتایی پێدێت. خودا گەلی مەزنی ئێران بپارێزێت!"

بەپێی دوایین هۆشداریی ترەمپ لەبارەی کاتی هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران، کاژێر 08:00ی شەوی سێشەممەی بە کاتی واشنتن داناوە، کە دەکاتە 03:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی هەولێر.

ئەگەر لەو چەند کاژێرەی ماوە، گۆڕانکاری روونەدات و ئێران و ئەمریکا رێکنەکەون، ئەوا ترەمپ بڕیاریداوە گڵۆپی سەوز بۆ هێرشەکە هەڵبکات.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە 07-04-2026 بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، لانیکەم دوو پرد، ژێرخانی هێڵی ئاسنین و رێگەیەکی سەرەکیی خێرا بۆردوومان کراون، ئەوەش لە چوارچێوەی شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانەکانی وڵاتەکە.