رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران رۆژی سێشەممە 07-04-2026 رایانگەیاند، لانیکەم دوو پرد، ژێرخانی هێڵی ئاسنین و رێگەیەکی سەرەکیی خێرا بۆردوومان کراون، ئەوەش لە چوارچێوەی شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانەکان.
بەئامانجگرتنی پرد و رێگەوبانەکان
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، پردێک لە نزیک شاری قوم و پردێکی دیکەی هێڵی ئاسنین لە شاری کاشان لە نێوەڕاستی وڵاتەکە بۆردوومان کراون. ئەکبەر ساڵحی، یەکێک لە بەرپرسانی ئێران بە ئاژانسی "ئیرنا"ی راگەیاند، لە هێرشەکەی کاشان دا دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها رێگەیەکی سەرەکیی خێرا لە باکووری ئێران کە شاری تەورێز بە تارانەوە دەبەستێتەوە، دوای بۆردوومانکردنی شوێنێک لە دووریی 90 کیلۆمەتر لە تەورێز، بەڕووی هاتووچۆدا داخرا. کەناڵێکی تێلێگرامی سەر بە سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە پردێکی پەڕینەوەی کردووەتە ئامانج.
پەککەوتنی هێڵی ئاسن و بڕانی کارەبا
ئاژانسی "میزان"یش باسی لە بەئامانجگرتنی هێڵی ئاسنین لە شاری کەرەج لە نزیک تاران کرد؛ هاوكات مانگی سوور بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک برینداری گواستووەتەوە.
دوای هۆشدارییەکەی ئەم بەیانییەی ئیسرائیل بۆ بەکارنەهێنانی هێڵی ئاسنین لە ئێران، هەموو گەشتەکانی شەمەندەفەر بۆ شاری مەشهەد و بە پێچەوانەشەوە هەڵوەشێندرانەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی "ئیسنا" بڵاویکردەوە، بەهۆی پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوە و وێستگەیەکی لاوەکیی کارەبا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان، کارەبا لە بەشێکی شارەکانی کەرەج و فەردیس لە دەوروبەری تاران بڕاوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکانی بۆ سەر "شوێنە ژێرخانییەکان" تەواو کردووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەدا.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێرانی کرد، ئەگەر تاران تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (بە کاتی هەولێر) نەگاتە رێککەوتن؛ ترەمپ دوێنێ گوتی، "بیر لە تەقاندنەوەی هەموو شتێک و کۆنترۆڵکردنی نەوتەکە دەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ