هێرشی تووندی دیموکراتەکان بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ؛ 'سەرۆک ئەقڵی خۆی لەدەستداوە'

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ، هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە شارستانییەتێکی کرد و رایگەیاند، "ئەمشەو شارستانییەتێک بەتەواوی دەمرێت، هەرگیز زیندوو نابێتەوە." هاوکات کۆمارییەکان داوا لە ئێران دەکەن قسەکانی ترەمپ بە جیدی وەربگرێت و دیموکراتەکانیش دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا "شێت" بووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "ئەمشەو شارستانییەتێک بەتەواوی دەمرێت، هەرگیز زیندوو نابێتەوە. نامەوێت ئەوە رووبدات، بەڵام رەنگە رووبدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا کە گۆڕانکاریی تەواو و ریشەییمان لە رژێمدا هەیە، کە مێشکی جیاوازتر، زیرەکتر و کەمتر تووندڕۆ زاڵن، رەنگە شتێکی شۆڕشگێڕانەی نایاب رووبدات، کێ دەزانێت؟ ئەمشەو بۆمان روون دەبێتەوە، یەکێک لە گرنگترین ساتەکان لە مێژووی دوور و درێژ و ئاڵۆزی جیهاندا. 47 ساڵ لە زۆرداری، گەندەڵی و مردن، لە کۆتاییدا کۆتایی دێت. خودا گەلی مەزنی ئێران بپارێزێت!"
 
لە بەرامبەردا، کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایانگەیاند، "ئێران باشتر وایە قسەکانی سەرۆک ترەمپ بە جیدی وەربگرێت. دەتوانن رێگەی ئاسان یان رێگەی سەخت هەڵبژێرن."
 
بەڵام دیموکراتەکان کاردانەوەی تووندیان بەرامبەر پۆستەکەی ترەمپ هەبوو. حەکیم جێفریس، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، "کۆنگرێس دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەم شەڕە سەرەڕۆیانەی لەگەڵ ئێران بهێنێت، پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بمانخاتە ناو جەنگی جیهانیی سێیەمەوە." جێفریس داوای لە کۆمارییەکان کرد و گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە هەموو کۆمارییەک ئەرکی نیشتمانی بخاتە پێش بەرژەوەندیی حیزبییەوە و کۆتایی بەم شێتییە بهێنێت. ئیتر بەسە."
 
هەروەها ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی دیکەی دیموکرات رەخنەیان لە ترەمپ گرت. کۆنگرێسمان جیم مەکگەڤەرن رایگەیاند، "سەرۆکی ئەمریکا پیاوێکی شێتە."
 
ئاندی بەشیر، حاکمی ویلایەتی کێنتەکی گوتی، "ئەوەی سەرۆکێکی ئەمریکی هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە شارستانییەتێک بکات، تەنیا دژەئەمریکی نییە، بەڵکو شێتییەکی تەواوە." تیم واڵز، حاکمی ویلایەتی مینەسۆتاش لەبارەی ترەمپەوە گوتی، "سەرۆک ئەقڵی خۆی لەدەستداوە."
 
ئەم لێدوان و هەڵوێستە دژبەیه‌کانه‌ نەک تەنیا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تارانی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ، بەڵکو بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی بەرفراوانی کاردانەوە لەنێوخۆی ئەمریکادا. لە کاتێکدا کۆمارییەکان وەک گوشارێک بۆ سەر ئێران پشتیوانیی لە هەڵوێستی ترەمپ دەکەن، دیموکراتەکان بە تووندی رەخنەی لێدەگرن و بە "شێتی" و هەنگاوێک بەرەو جەنگێکی کارەساتبار وەسفی دەکەن، ئەمەش ئەمریکای خستووەتە بەردەم دۆخێکی سیاسیی هەستیارەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە