رووداو دیجیتاڵ
- فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە درۆن هێرشیانکردووەتەوە سەر ژمارەیەک ئامانج لە ئێران. دەشڵێت، یەکەمجارە درۆن لەو جەنگەدا بەکاربهێنن.
رۆژی 7ی نیسانی 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "شەوی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"، درۆنی بۆمبڕێژکاراویان ئاراستەی ژمارەیەک ئامانج لە ئێران کرد".
ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "سەدان درۆنی ئەمریکی بە تەواوی لە ناو ئۆپەراسیۆنە هێرشبەری و بەرگرییەکان دژی ئێران بەکاردەهێنرێن کە لە ئاسمان، دەریا، ژێر دەریا و لەسەر وشکانی بۆ پاڵپشتیکردنی ئامانجە سەربازییەکانمان کار دەکەن."
راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەوانیش بە درۆن و مووشەک وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش.
بە گوێرەی بەرپرسانی سێنتکۆم و سوپای ئیسرائیل، لە دەستپێکی جەنگەکەوە لانیکەم 15 هەزار ئامانجیان لە ئێران پێکاوە و زۆرینەشیان ئامانجی سەربازی بوون.
بەکارهێنانی درۆن لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە ئێران لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تاوەکو کاژێر 3:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر رۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئێران نەگەنە رێککەوتن، ئەوا ژێرخانی کارەبا، وزە و ژمارەیەک ئامانجی دیکە لەو وڵاتە دەپێکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ