ئیمانوێل ماکرۆن و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا یەکەم سەردانی بۆ ئەورووپا کرد و لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە. پاریس دەڵێت، ئەمە پیشاندەری پابەندیی فەرەنسایە بە گەلی سووریا و خواستی ئاشتییان.
رۆژی چوارشەممە 07-05-2025، بەرپرسێکی حکومیی سووریا رایگەیاند، لە پاریس سەرۆکی سووریا و فەرەنسا "باسی قۆناخی دووبارە بنیاتنانەوەی دوای جەنگ و هاوکاریی ئابووری" دەکەن.
کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند: "ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پابەندیی مێژوویی فەرەنسا بە گەلی سووریا، کە ئاشتی و دیموکراسییان دەوێت."
بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی فەرەنساش رایگەیاند: "بە پێشوازیکردن لە شەرع، ماکرۆن هیوادارە یارمەتیی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بدات بۆ ئەوەی بە سووریایەکی ئازاد، جێگیر و سەروەر بگەن کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەکە بگرێت."
ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، فەرەنسا "ئاگاداری مێژووی چەند سەرکردەیەکی ئێستای سووریایە و داواکارە کە سووریا دەست لەگەڵ هیچ بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی تێکەڵ نەکات."
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ئێمە ئەو بانگێشتی فەرەنسا دەکەین، بە دیاریکراوی بۆ ئەوەیە کە داوای لێبکەین شەڕ لە دژی خۆدزینەوە لە یاسا بکات."
ئەحمەد شەرع سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شامی کرد و لە مانگی 12ـی پار بەشار ئەسەدی رووخاند. پێشتر تەحریری شام سەر بە لقی قاعیدەی سووریا بوو.
شەرع هێشتا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەخەی گەشتکردنی لەسەرە، بەڵام فەرەنسا بە تایبەتی داوایکرد ئاسانکاریی لەو قەدەخەیە بۆ بکرێت و رێگە بە گەشتکردنی بدرێت.
فەرەنسا 1920 تاوەکو 1946 حوکمی سووریای کردووە، ئێستا چاوی لەوەیە وەبەرهێنانی تێدا بکات. هەفتەی پێشوو، کۆمپانیای(CMA CGM ) گەورە کۆمپانیای لۆجیستیی فەرەنسا گرێبەستێکی 30 ساڵەی واژۆکرد بۆ ئەوەی بەندەری لازقییە، لە باکووری رۆژئاوای فەرەنسا ببوژێنێتەوە و کاری تێدابکات.
میهاد، رێکخراوێکی ناحکومیی فەرەنسییە کە لە 2011ـەوە لقی لە سووریا هەیە، هۆشداریی لە دۆخی خراپی مرۆیی وڵاتەکە داوە و داوای لە فەرەنسا کردووە وەڵامی هەبێت.
میگۆ تارزیان، بەڕێوەبەری رێکخراوی میهاد گوتی: "دەبێت پابەندیی بەهێزی ئیمانوێل ماکرۆن لە قسەوە ببێتە کردار، نەک تەنیا بە پاراستنی ئەو بودجەیەی بۆ هاوکاریی مرۆیی سووریا دانراوە، بەڵکو بە دابەشکردنی پارەکە بە زووترین کات."