ناشڤیڵ هەولێری بە دەستەخوشکی خۆی پەسند کرد

07-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی شاری ناشاڤیڵی ویلایەتی تێنسیی ئەمریکا هەولێری بە دەستەخوشکی خۆی پەسندکرد. ناشڤیڵ بە کوردستانی بچووک دەناسرێت، بەهۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری رەوەندی کوردی لە ئەمریکا، لەو شارەدا دەژین کە بە گوێرەی سەرۆکشارەوانیی شارەکە، ژمارەیان 25 هەزار کەسە. 
 
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا رۆژی هەینی لە تویتێکدا نووسی، "بە فەرمی، شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی شاری ناشڤیڵ بە کۆی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی پەسندکرد بۆ ئەوەی هەولێر بکاتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی خۆی."
 
بەم بڕیارە، هەولێر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە تاکە شاری دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ و لە رێگەی ئەم بەندە نوێیەی نێوانیان، پەیوەندی و پێکەوەکارکردنیان زیاتر دەبێت، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە، خوێندن و کولتوور. 
 
بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، "پیرۆزبایی لە شاری میوزیک و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئەو هاوبەشبوونە کە موژدەی ئاڵۆگۆڕی کولتووری، پیشەگەری و جەماوەری دەدات."
 
هەوڵەکانی بەدەستەخوشکناساندنی هەولێر و ناشڤیڵ ساڵی رابردوو دەستیانپێکرد کاتێک کە شاندێکی هەولێر بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی پایتەختەکەی ویلایەتی تێنسییان کرد. 
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، جۆن کووپەر، سەرۆکشارەوانیی شاری ناشڤیڵ لە ئایاری ئەمساڵدا سەرۆکایەتیی سەردانێکی شاندێکی شارەکەی کرد بۆ هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر سەردانی نەخۆشخانە، زانکۆ و قوتابخانەکان و بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی هەولێریان کرد. 
 
کووپەر لە 23ی ئایار لە بوولتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "ئەوەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین، ئاڵۆگۆڕکردنە؛ پەیوەندیی خەڵک بە خەڵکەوە بۆ ئەوەی بتوانین سوود بە یەک بگەیێنین و پێکەوە کار بکەین. ناشڤیڵ زۆر زانکۆ و کۆلێژی پزیشکی هەیە. لێرە لە کوردستان توانیمان سەردانی زانکۆیەکی پزیشکی ددان بکەین بۆ ئاوەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونمان هەبێت و بۆ ئەوەی مامۆستاکانمان بێن ماوەیەک لێرە بمێننەوە و لە بەرامبەر ئەوەشدا هەندێ مامۆستای ئێوە بێنە ناشڤیڵ و سەرنجمان لەسەر نەوەی داهاتوو چڕبکەینەوە و باشترینەکانی هەردوو وڵات لەگەڵ یەک کۆبکەینەوە."
 
قوتابخانە گشتییەکانی ناشڤیڵ سێ هەزار منداڵی کورد تێیاندا دەخوێنن، هەروەها کوردی زمانێکی فەرمیی ناشڤیڵە و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی شارەکە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، ئەمە بە گوتەی سەرۆکشارەوانیی شارەکە. 
 
کووپەر ئەو کات گوتی، "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکە ببەینە قۆناخێکی دیکە. هیوادارین خەڵکی هەرێمی کوردستان بزانن کە ئەگەر بێنە ناشڤێڵ، دەبنە بەشێک لە کۆمەڵگەکەمان و ژینگەیەکی میواندۆست دەبینن."
 
بە گوتەی سەرۆکشارەوانیی ناشڤیڵ، "زۆر لایەنی لێکچوون" لە نێوان پایتەختی هەرێمی کوردستان و "کوردستانی بچووکدا" هەیە؛ "ئێمە هەردووکمان بڕوامان بە میواندۆستییە؛ ئێمە هەردووکمان ناوچەی سەربەرزین. ماوەی 50 ساڵە خەڵکی کورد لە ناشڤیڵە و ئێمە سوپاسگوزارین،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ناشڤیڵ تەنیا بە کوردستانی بچووک بەناوبانگ نییە، بەڵکو بە شاری میوزیکیش بەناوبانگە. میوزیکی هەولێر زۆر ناوازەیە. دەمانەوێت هەندێ گرووپی میوزیکی هەولێر ببەینە ناشڤیڵ."
 
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە بارەی بڕیاری پەسندکردنی هەولێر بە دەستەخوشکی ناشڤیڵ دەڵێت، "ئەمە تەنیا سەرەتای گەشتەکەی"؛ هەروەها سوپاسی ئەو کەس، گرووپ و دامەزراوانە دەکات کە لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییەدا هاوکار بوون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران لەگەڵ کاسی پاڵەوانێتیەکە

ئەمریکا تاوەکو ئێستا ڤیزەی بە هەڵبژاردەی ئێران نەداوە

رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ڤیزەیەک بە هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەیان نەدراوە بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ ئەمریکا و بەشداری لە جامی جیهانیی 2026ـدا بکەن.