وەزیری ناوخۆی بەریتانیا: گرووپی ڤاگنەر تیرۆریستن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەریتانیا رایانگەیاند، بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەک، حکومەتی بەریتانیا گرووپی چەکداریی ڤاگنەر وەکو "رێکخراوێکی تیرۆریستی" دەناسێنێت، بەم هەنگاوەشی حکومەتی ئەو وڵاتە گرووپی ڤاگنەر دەخاتە ریزی داعش و ئەلقاعیدە.
رۆژی سێشەممە 5ی ئەیلوولی 2023 سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی پڕۆژەیاسایەکی ناردووەتە پەرلەمان کە بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، سامانی گرووپی ڤاگنەر وەکو "سامانی تیرۆرستی" هەژمار دەکرێت و رێگە بە حکومەت دەدات دەستی بەسەردا بگرێت.
وەزیری نێوخۆی بەریتانیا دەشڵێت، "ڤاگنەر رێکخراوێکی تووندوتیژ و وێرانکەرە و وەکو داردەستێکی سەربازیی ڤلادیمیر پووتین لە دەرەوەی وڵات کاریکردووە؛ بە شێوەیەکی کورت و پوخت، ئەوان تیرۆریستن."
بەگوێرەی یاسای تیرۆر لە بەریتانیا، کە لە ساڵی 2000ەوە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە دەرچووە، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا دەسەڵاتی هەیە کە هەر رێکخراوێک قەدەخە بکات، کە پێیوابێت لە کاری تیرۆریستی تێوەگلاوە.
تائێستا 78 رێکخراو وەکو رێکخراوی تیرۆریستی لە بەریتانیا ناسێندراون. کە دیارترینیان رێکخراوی داعش و رێکخراوی ئەلقاعیدەن.
چاوەڕوان دەکرێت کە پڕۆژەیاساکە لە رۆژی 13ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت و ئەگەر گرووپی ڤاگنەر وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت، ئەوا هەر کەس و لایەنێک مامەڵە لەگەڵ گرووپەکە بکات، دەخرێتە ژێر سزاکانی حکومەتی بەریتانیاوە.
ڤاگنەر، کۆمپانیاییەکی سەربازیی تایبەتی رووسییە و جگە لە ئۆکراینا لە سووریا، لیبیا، مالی و چەند وڵاتێکی ئەفریقا هەن. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، یارمەتیی سوپای رووسیایان دا، پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوون، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای رووسیا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، کشانەوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی راگەیاند و ئاڕاستەی لوولەی تفەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا، بەڵام بە نێوەندگیریی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس، پێشڕەوییەکانیان راگرت و بەشێک لە چەکدارەکانی گرووپەکە گواسترانەوە بۆ بێلاڕووس.
رۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 ئاژانسی گواستنەوەی ئاسمانیی فیدراڵیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ناوی یەڤگینی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی بڵاوکردەوە، کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
دوای گیانلەدەستدانی پریگۆژینیش، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، پووتینیان بە کوشتنەکەی تۆمەتبار کرد، بەڵام بەرپرسانی کرێملن ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، "درۆیەکی رەهایە."