رووداو-هەولێر
نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکانی ئەمریکا و تورکیا بە دیارییەکی ئەمریکا بۆ رووسیا، ئێران و داعش ناودەبات.
ئەمریکا رێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان کردەوە. کۆشکی سپی رایگەیاند، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا دەستپێدەکات، بەڵام ئەمریکا نە هاوکاری دەبێت، نە رێگریشی لێدەکات.
ئەم راگەیێندراوەی کۆشکی سپی دوای ئەوەهات کە شەوی یەکشەممە 6-10-2019 ترەمپ و ئەردۆغان گفتوگۆیەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە، لەوانەش پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، بابەتی سووریا بە گشتی و رۆژهەڵاتی فورات بەتایبەتی.
ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی کاردانەوەی لیکەوتووەتەوە و برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە توویتەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا نووسیوویەتی ''پوختەی قسەکە ئەوەیە: ترەمپ ئەمشەو لەدوای یەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەیەکی بیانی، دیارییەکی بۆ رووسیا و ئێران و داعش ئامادەکردووە."
مەکگۆرک هەروەها دەڵێت: "پێشتر کە ئەوکاتەی من ئیدارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکام لە ناوچەکە دەکرد، ترەمپ بڕیارێکی بێبیرکردنەوەی هاوشێوەی دا، بۆیەش دەستم لەکارکێشایەوە".
قسەکانی مەکگۆرک لەکاتێکدایە کە رۆژی رابردوو محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "ئەمریکا گرووپێک لە کوردی سووریا بەکاردەهێنێت و لە هەوڵداین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا و سووریا کێشەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا چارەسەر بکەین".



