ترەمپ: هیچ سەربازێکی ئەمریکی و عێراقی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران نەکوژراوە

08-01-2020
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهۆی رێکارە پێشوەختەکان هیچ سەربازێکی ئەمریکی و عێراقی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر بنکە سەربازییەکانیان نەکوژراوە. 
 
ترەمپ سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، پاشان لەبارەی زیانەکانی هێرشەکان رایگەیاند "خەڵکی ئەمریکا پێویستە ئێجگار سوپاسگوزار و دڵخۆشبن لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە ئەنجامدرا، هیچ ئەمریکیێک زیانی بەرنەکەوت، هیچ زیانێکمان بەرنەکەوت، هەموو سەربازانمان سەلامەتن، تەنیا چەند زیانێکی بچووک بەر بنکە سەربازییەکانمان کەوتوون". 

 

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باسی کوشتنی قاسم سولەیمانی کرد و رایگەیاند، ئێران هەوڵیداوە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێکبدات، بەڵام ئیتر ئەو رۆژانە کۆتاییهات و هەفتەی رابردوو کارێکی یەکلاکەرەوەمان ئەنجامداو بە فەرمانی من "تیرۆریستێکی" گەورەمان کوشت.
 
لەبارەی زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێران، ترەمپ جەختی کردەوە ئێران ناتوانێ ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و "ئێمەش زۆر بە وردیی چاودێریی رەوشی ئێران دەکەین و سزای تووندیان بەسەردا دەسەپێنین تاوەکو مامەڵەی خۆی دەگۆڕێ".
 
سەرۆکی ئەمریکا قاسم سولەیمانی بە بەرپرسی کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و خەڵک ناودەبات و گوتی "سولەیمانی بەرپرس بوو لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی و پاڵپشتی گرووپەکانی حیزبوڵڵای دەکرد و هۆکار بوو بۆ شەڕی ناوخۆ لە ناوچەکە و کوژرانی سەربازانی ئەمریکی بە رێگەی جیاواز. بە راسپاردەی ئێران هێرشەکانی ئەم دواییە ئەنجامدران و کەسێکی ئەمریکی کوژرا". 
 
ترەمپ دەشڵێت، دەبێ وڵاتە گەورەکان دان بەوەدا بنێن کە ئێران هەڕەشەیەکی جیددییە، دەبێت هەموومان پێکەوە کاربکەین کە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکەین کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران ببووژێنەوە و ئێران پێشکەوتوو و سەقامگیر بێت و دەبێ تاران واز لە شەڕی بە وەکالەت بێنێت. 
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی تووندیان داوەتە ئێران و دەڵێت، "مووشکەکانمان زۆر بەهێزن و مووشکەی زۆر باش و سەرکەوتوومان دروستکردووە، بەڵام نامانەوێ بەکاریان بهێنین". 

 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەیشی گوت، یەکەمین وەبەرهێنەری نەوت و گازن و چیدیکە پێویستیان بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. داواشی لە ناتۆ کرد بەشداری زیاتری هەبێت لە پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە