رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەری و پێدانی مافی مانەوەی کۆچبەران لە چوارچێوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا مژارێکی گرنگی نێو یەکێتییەکەیە، حکومەتی ئەڵمانیا بە مەبەستی بووژاندنەوەی بازاڕی کار و ئابوورییەکەی ئاسانکاری لە پێدانی مافی مانەوە لە وڵاتەکەی دەکات.
هێمن عەبدوڵڵا لە بەرنامەی دیاسپۆرای رۆژی هەینی، 08-03-2024 گوتی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەر کۆچبەرێک بیەوێت (ئیقامەی کار) وەربگرێت لە ئەڵمانیا، چیدی پێویستی بەوە نییە بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی هەبێت و بڕوانامەکەی دوای ماوەیەکی زۆر دانی پێدابنرێت لە ئەڵمانیا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداوەوە بڵاوکرانەوە، "سەلماندنی ئەوەی کە دوو ساڵ ئەزموونی پرۆفێشناڵت هەیە و بڕوانامەیەکی زانکۆییت هەیە بەس دەبێت بۆ وەرگرتنی ئیقامە."
نانسی فەیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا ئاسانکاریی زۆرتریش دەکرێن. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بازاڕی کار و ئابووریی ئەڵمانیا پێویستیی زۆری بە دەستی کاری دەرەکی هەیە.
ئەو وەزیرە دەشڵێت، رۆژ بە رۆژ بەربەستە بیرۆکراسییەکان کەمتر دەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانتر و بەشێوەی ئاسایی بۆ کار بێنە ئەڵمانیا.
یەکێک لەو پیشانەش کە وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا باسی دەکات کە وڵاتەکەی زۆر پێویستی پێیانە، پەرستیارانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ