رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران "بەمزووانە" لە وڵاتی پاکستان بەڕێوەبچن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە 39 رۆژ لە جەنگی تووند و وێرانکەر.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن بە رۆژنامەی نیو یۆرک پۆست ئاشکرای کرد، پاکستان پێشنیازی کردووە رۆژی هەینی لووتکەیەک لە ئیسلام ئابادی پایتەخت رێکبخرێت. ترەمپ گوتی، تیمی دانوستانکاری ئەمریکا پێکهاتووە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بەڵام هێشتا بەشداریکردنی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جێگەی گومانە.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، "لەوانەیە جەی دی بەشدار بێت، هێشتا نازانم؛ چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە سەلامەتی و ئاسایشی ئەوەوە هەیە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە رەشنووسێکی 10 خاڵی ئێرانی وەک چوارچێوەیەکی سەرەتایی بۆ بنیاتنانی رێککەوتنێکی هەمیشەیی پەسند کردووە، هەرچەندە هەندێک لە داواکارییەکان جێبەجێکردنیان ئەستەم دەبێت. ترەمپ جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان زۆر بە خێرایی بەرەو پێش دەچن.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی "توورەیی داستانئاسا" چوار ئامانجی سەرەکیی پێکاوە، کە بریتین لە: کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، تێکشکاندنی هێزی دەریایی، لەناوبردنی بنکەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و راگرتنی پشتگیرییەکانی ئێران بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئێران رازی بووە تەنگەی هورمز بە رووی کەشتییەکاندا بکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە گفتوگۆکانی داهاتوودا، پرسی ئەو باجەی کە ئێران دەیەوێت لە کەشتییەکان وەریبگرێت و هەروەها چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردن و گواستنەوەی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لە ناو حەشارگە قایمەکاندا ماوەتەوە، یەکلایی بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ