رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان کە تەنیا چەند سەت مەترێک لە ئەو و شاندی یاوەری دوور بووە.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، ماکسیم پرێڤۆست لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کەمێک پێش ئەوەی پیرۆزبایی لە سەرۆک جوزیف عەون بکەم بۆ پێشنیازی دەستپێکردنی دانوستاندنی فەرمیی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە، یەکێک لە تووندترین هێرشەکانی لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگ ئەنجامدا، کە بەو هۆیەوە سەتان هاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی."
دەشڵێت کە لە کاتی هێرشەکەدا لە نێو باڵیۆزخانە بووە و شوێنی مووشەکبارانەکە تەنیا چەند سەت مەترێک لێیانەوە دوور بووە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، هەر بەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران رادەگرێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ گفتوگۆکانی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان. سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند کە گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە هەموو ناوچەکان، لەوانە لوبنانیش.
سەرەڕای راگەیاندنی راگرتنی هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل بەردەوام بووە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حیزبوڵڵا و زیاتر لە دە شارۆچکەی لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە.
بەرگریی شارستانیی لوبنان بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆ ئێوارەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان 254 کەس کوژران و هەزار و 165کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو هێرشانە رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات کە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی".
جێگری گوتەبێژەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە داواکردن لە لایەنەکان بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر دەرچەی دیپلۆماسی، کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەکارهێنانی ئاگربەستی ئەمریکا-ئێران وەکو دەرفەتێک بۆ رێگری لە کوژرانی خەڵکی دیکە".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش.
لە رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر تاران کوژرا. رۆژی 2ی ئادار، لە تۆڵەی کوژرانیدا حیزبوڵـڵا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە.
ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانیان بۆ راگرتنی جەنگ قبوڵکردووە بۆ دوو هەفتە. لە بەرامبەردا ئێران دەبێت تەنگەی هورمز بکاتەوە و گفتوگۆ بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام بکرێت.
ئەمڕۆ ئێوارە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی حیزبوڵـڵاوە ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ