ئازادکردنی کوردێکی تاوانبار بە کوشتنی کچێک لە بەریتانیا رەتدەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی بەریتانیا بڕیاریدا کوردێکی خەڵکی باشووری کوردستان کە بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی و کوشتنی کچێک سزای زیندانی تاهەتایی بۆ دەرکرابوو، لە زینداندا بمێنێتەوە و ئازاد نەکرێت. 
 
محەممەد حەمە ئەو کەسەیە کە لە ساڵی 2006 لە لایەن هاونیشتمانییەکی دیکەوە راسپێردرا بۆ ئەوەی کچەکەی بۆ بکوژێت، چونکە رەتیکردبووەوە شوو بەو کەسە بکات کە باوکی دەیویست و لەگەڵ خۆشەویستەکەی هەڵاتبوو. 
 
محەممەد حەمە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا تەمەنی 30 ساڵ بووە، ئێستا بە تاوانی کوشتنی کچەکە سزای زیندانیی تاهەتا بەسەردەبات. 
 
پەیوەندیی خۆشەویستی بەناز و کوشتنی 
 
کچەکە ناوی بەناز مەحموود بوو، لە کانوونی دووەمی 2006 لە تەمەنی 20 ساڵیدا بە نەخشەڕێژیی باوک و مامێکی، بە تۆمەتی ئەوەی "نامووس"یان لەکەدارکردووە، لە لایەن محەممەد حەمە و چەند کەسێکی دیکەوە خنکێنرا. ئاشکرابوونی تاوانەکە، ئەو کات کۆمەڵگەی بەریتانی تۆقاند. 
 
کوشتنی بەناز لەسەر داوای مەحموود مەحموودی باوکی و ئاری مەحموودی مامی بوو، چونکە کەوتبووە داوی خۆشەویستیی کەسێک کە پێیان ناخۆشبووە و لە بری ئەوە بڕیاریانداوە بیدەنە کەسێکی دڵخوازی خۆیان، بەڵام بەناز رایکردبوو. 
 
ئەو دوو برایە کە خەڵکی باشوور کوردستانن و نیشتەجێی شاری میتچام بوون لە باشووری رۆژئاوای لەندەن، بڕیاریاندابوو بەناز بکوژن، بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان، "نامووسی خێزانەکەیان بگەڕێننەوە."
 
ئاری مەحموود، محەممەد حەمەی راسپاردبوو بۆ ئەوی بەناز بکوژێت. ئەویش لەگەڵ دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد ساڵح عەلی و عومەر حسێن، لە رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2006، بەنازیان لە خانووی خێزانەکەیدا کوشت. 
 
تەرمی بەناز خرابووە نێو جانتایەکەوە و دواتر گوێزرابووەوە بۆ خانوویەک لە ناوچەی هاندزوێرس لە شاری بێرمینگهام و لە باخچەی ماڵەکەدا نێژرابوو. سێ مانگ دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. 
 
دوای لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و زەحمەت، محەممەد حەمە و یارمەتیدەرەکانی، لە نێویاندا مەحموود مەحموود و ئاری مەحموود، لە شوباتی 2006 دەستگیرکران. 
 
دیپۆرتکردنەوە بۆ باشووری کوردستان 
 
ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە لە دادگەی تاوانکاری نێوەندیی بەریتانیا لە ساڵی 2007، محەممەد حەمە دانی بە تاوانی کوشتنەکەدا نا و سزای زیندانی تا هەتایی بە ئەگەری ئازادکردنی مەرجدار دوای 17 ساڵ بۆی دەرکرا. 
 
محەممەد حەمە یەکەمین کەس بوو لە تاوانکارەکانی نێو دۆسیەکە کە دادگە گوێ لە داواکاریی ئازادکردنی مەرجداری بگرێت، کە ئەوە دووەمین داواکاری بوو پێشكێشی کردبوو. 
 
بەڵام داواکارییەکە کە لە مانگی ئایار دانیشتنی لەسەر کرا، رووبەڕووی ئاستەنگێک بووەوە، کە ئەویش ئەوەیە محەممەد حەمە لە ئەگەری ئازادکردنی، دیپۆرتی باشووری کوردستان دەکرێتەوە. 
 
ئەو دەستەیەی کە بڕیار لەسەر ئازادکردنی مەرجدار دەدات، پێویستە لەسەری دڵنیا بێتەوە لەوەی تاوانکارەکە لە دەرەوەی بەریتانیا نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ کەس. 
 
بڕیاری دەستەکە کە لە لایەن میدیای بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "دەستەکە تێبینی ئەوەی کرد کە پێویستە هەڵسەنگاندن بکرێت بۆئەوەی دڵنیایی بدرێت ئەو کەسە لە دەرەوەی وڵات مەترسی نابێت، چونکە محەممەد حەمە ئەگەری ئەوەی هەیە رووبەڕووی دیپۆرتکردن بێتەوە. پێویستە دەستەی ئازادکردنی مەرجدار رەچاوی مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک بکات، گرنگ نییە لە کوێی جیهان بێت."
 
پوختەی بڕیارەکە هەروەها ئاماژە بە تێگەیشتن و بۆچوونی محەممەد حەمە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەکات و دەڵێت، "لە کاتی تاوانکردنەکەی، ئەو شتانەی کە ببوونە هۆی مەترسیداربوونی بریتی بوون لە تێڕوانینەکانی بۆ ئەو 'کولتوورەی نامووسە' کە تێیدا گەورە بووە، بیروباوەڕەکانی کە تووندوتیژی لەسەر بنەمای نامووس بە شتێکی رەوا دەبینێت یانیش ستاییشی دەکات، بڕواکردنی بەوەی کە ژنان 'سامانێکن' و ئەگەر وا هەستکرا بوونەتە هۆی شەرمەزاری بۆ خێزانەکانیان، ئەوا پێویستە سزابدرێن."
 
لە راپۆرتی بڕیارەکەدا هاتووە، تاوانکارەکە "بە بەرنامەیەکی متمانەپێکراودا تێپەڕیوە بۆ ئەوەی شێوازی بڕیاردانەکەی بگۆڕێت، بەڵام هێشتا پێویستی بە کاری زیاترە."
 
بۆیە دەستە دادوەرییەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە "دوای رەچاوکردنی هەلومەرجی تاوانەکەی، هەروەها ئەو بەرەوپێشچوونەی کە لە زیندانیکردنییدا بەدەستیهێناوە و ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا پێشکێشكراون، دەستەکە نەگەیشتووەتە ئەو بڕوایەی محەممەد حەمە بۆ ئازادکردن شیاو بێت."
 
دەستە دادوەرەییەکە بە باشیشی نابینێت تاوانکارەکە بگوازرێتەوە زیندانێکی کراوە. 
 
وردەکاری لەبارەی تاوانەکە 
 
لە کاتی دادگەییکردنی محەممەد حەمە، مەحموود مەحموودی باوکی بەناز و ئاری مەحموودی مامی، وردەکاریی قێزەون و تۆقێنەر لەسەر چۆنیەتیی کوشتنی کچەکە ئاشکرا بوو، دوای ئەوەی نێوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی محەممەد حەمە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە کاتی دەستبەسەرکردنییدا لە زیندانی بێلمارش کە بە نهێنی تۆمارکرابوو، ئاشکرا کرا. 
 
لە پەیوەندییەکەدا تاوانکارەکە بە شانازییەوە بۆ هاوڕێکەی باس دەکات کە بۆ ماوەی دوو کاژێر دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر بەناز و لێی داوە، پێش ئەوەی بیخنکێنن.
 
لەو پەیوەندییەدا محەممەد حەمە باس لەوە دەکات کە چۆن بە شێوازی نەشیاوی جۆراوجۆر دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر بەناز؛ هەروەها محەممەد حەمە و هاوڕێکەی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە کوشتنی بەناز لە ماڵەکەیدا پێدەکەنن. بکوژەکان کە لە محەممەد حەمە و دوو کەسی دیکەی باشووری کوردستان پێکهاتبوون، پێیانگوترابوو کە بەناز بە تەنیا لە ماڵەوە دەبێت. 
 
لە تۆمارەکەدا دەردەکەوێت کە محەممەد حەمە دەڵێت، "ئاری (مامی بەناز) گوتی کەس لەوێ نییە. کەسێک لەوێ بوو، بیزا (خوشکی). ئەو زۆڵە درۆی لەگەڵ کردین."
 
لەبارەی کوشتنی بەناز دەشڵێت، "سوێند بە خوا دوو کاژێری پێچوو. رۆحی دەرنەدەچوو." 
 
تاوانکارەکە باس لەوە دەکات کە بۆ ماوەی پێنج خولەک وایەرێکیان لە ملی بەناز تووندکردبوو بۆ ئەوەی بیخنکێنن، بەڵام نیو کاژێری پێچووبوو تا گیانی دەرچووبوو. 
 
محەممەد حەمە دەشڵێت، "وایەرەکە ئەستوور بوو و رۆحیشی بە ئاسانی دەرنەچوو. پێم نایە سەری بۆ ئەوەی رۆحی دەرچێت. ئەوم بە رووتی بینی، جلی ژێرەوەشی لەبەرنەبوو."
 
لەو تۆمارە دەنگییەدا ئاشکرابوو کە ئاری مەحموودی مامی بەناز و سێ ئامۆزای بەناوەکانی محەممەد ساڵح عەلی، عومەر حسێن و دانا ئەمین، لەو تاوانەدا تێوەگلاون. 
 
لە رێگەی ئەو تۆمارە دەنگییە و بە شوێنکەوتنی تەلەفۆن و وردەکاریی ئۆتۆمبێلی تاوانکاران، شوێنی تەرمی بەناز ئاشکرا کرا. 
تەرمەکەی لە 28ی نیسانی 2006 دۆزرایەوە، بەڵام بە رادەیەک شیببووەوە کە نەتوانرا نموونەی دی ئێن ئەیەکەی وەربگیرێت. 
 
سێ ساڵ هەڕەشەکردن لە بەناز
 
دادگە ئاگادارکرابووەوە کە کوشتی بەناز لە لایەن ئەو تاوانکارانەوە، سەرباری سێ ساڵی نەهامەتی بووە کە بەناز پێیدا تێپەڕیوە، دوای ئەوەی کە لە تەمەنی 17 ساڵیدا ناچارکرابوو شوو بە پیاوێک بکات کە دوو هێندەی خۆی تەمەنی هەبووە. 
 
دوای دوو ساڵ لە ژیانی هاوژینی و ئازار، بەناز لە کۆتاییدا لە هاوژینەکەی رایکردبوو کە ئەوەش خێزانەکەی توڕەکردبوو. لە تەممووزی ساڵی 2005، بەناز گەڕابووەوە بۆ ماڵی خێزانەکەی و لەگەڵ کوردێک بە ناوی رەحمەت سلێمانی کەوتبووە پەیوەندیی خۆشەویستی. 
 
لە کانوونی یەکەمی 2005 تا کانوونی دووەمی 2006، بەناز چوار جار بە پۆلیسی راگەیاندبوو کە خێزانەکەی دەیانەوێت بیکوژن و باسی لەو تووندوتیژییە سێکسییە کردبوو کە لە لایەن هاوژینەکەیەوە بەسەریدا هێنرابوو. 
 
لەو لێدوانە تۆمارکراوانەی کە بەناز بە پۆلیسی داون، بەناز باس لەوە دەکات کە چەند کوردێکی باشووری کوردستان شوێنی دەکەون و دەڵێت، "خەڵک بەدوام دەکەون. ئێستاش بەدوامەوەن. ئەوە هۆکاری سەرەکیی هاتنی منە بۆ بنکەی پۆلیس. ئەگەر لە داهاتوودا هەر شتێکم بەسەر بێت، ئەوە ئەوانن."
 
رەحمەت بەناز بەڵگەی بە دادگە دابوو کە پێشانیدەدا لە لایەن خێزانی کچەکەوە هەڕەشەی لێ کراوە بەوەی ئەگەر بەردەوام بن لە بینینی یەکدی، هەردووکیان دەکوژرێن. 
 
بەڵام بەناز و رەحمەت بەردەوامبوون لە بینینی یەکدی. باوکی بەناز لەوە ئاگادارکرابووەوە، ئەویش نەخشەی کوشتنی کچەکەی دانابوو. 
 
لە کاتی دادگەییکردنەکە لە دادگەی تاوانکاریی ناوەندیی بەریتانیا، دەرکەوت کە شەوی سەری ساڵی 2006، بەناز بە برینداری و تۆقاوی پەنای بردبووە بەر پۆلیس و ئاگاداریکردبوونەوە کە باوکی هەوڵیداوە بیکوژێت، بەڵام پۆلیس پێی وابووە کچەکە لە دەربڕینی ترسەکەیدا زێدەڕۆیی کردووە، بۆیە بڕیاریدابوو لە بری هاوکاریکردنی، تۆمەتباری بکات بە شکاندی پەنجەرەیەک لە کاتی راکردنیدا. 
 
سێ هەفتە دوای ئەوە، بەناز کوژرا. 
 
باوک و مامی بەناز بە تاوانباری کوشتنی دانران و سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکرا بە ئەگەری ئازادکردنی مەرجدار دوای 20 ساڵ و 23 ساڵ. 
 
لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکە، دادوەر بریان بارکەر گوتی، "ئەم تاوانە بۆ ئەوە نەخشەڕێژ کرابوو پەیامێکی واڵاتر بە کۆمەڵگە بگەیێنن و رێگری لە کارە یاساییەکانی کچان و ژنانی ئەم وڵاتە بکەن. بەهۆی تێپەڕبوونی بەو ژیانە هاوژینییە ناخۆش و کورتە، بەناز هەڵەی کەوتنە داوی خۆشەویستیی پیاوێکی کوردی ئەنجامدا کە ئێوە و خەڵکی دەوروبەرتان پێتان وابووە کەسێکی شیاو نییە. بۆیە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شتەی ئێوە بە نامووسی خێزانەکەتان ناوی دەبەن، بڕیارتان دا پێویستە بەناز بمرێت و لە یاد بسڕێتەوە. ئەمە تاوانێکی دڕندانە و گەورەیە."
 
لە دادگەییکردنێکی دیکەدا ئامۆزاکانی بەناز، محەممەد ساڵح عەلی و عومەر حسێن بە تاوانی کوشتن، لە دوای یەک، سزای 20 ساڵ و 21 ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکرا. 
 
لە کانوونی یەکەمی 2013، بە تاوانی یارمەتیدانی تاوانکاران لە شاردنەوەی تەرمی بەنازدا، دانا ئەمین سزای هەشت ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا. 
 
محەممەد حەمە کە ئێستا تەمەنی 46 ساڵە، 18ی ئایار ئاگادارکرابووەوە کە داوای ئازادکردنی مەرجداری رەتکراوەتەوە.