رووداو-ئاژانسەکان
کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی بەرامبەر بێدەنگی تورکیا بۆ هێرشەکانی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی( داعش ) بۆ سەر کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز-ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە نوسیویەتی "ئەمریکا تووشی سەرسوڕمان بووە لە قبوڵکردنی ئەو قەسابخانەیەی لە کۆبانێ چەکدارانی داعش ئەنجامی دەدەن، لە کاتێکدا کەمتر لە میلێک لە تورکیاوە دوورە".
ئەو بەرپرسە هەروەها دەڵێت "لە کاتێکدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی رووبەڕووی رۆژئاوای کوردستان و سوریا بووەتەوە، هێشتا تورکیا بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ خۆدزینەوە لە هاوپەیمانێتی ئەمریکا و بەشدارینەکردن لە هێرشەکان دژی داعش"، ئاماژە بەوەشدەدات " نابێت وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆ بێت چاوپۆشی لەو جۆرە کارەساتانە بکات لەسەر سنووری وڵاتەکەی".
جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیر و سەرۆک کۆماری تورکیا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولای کردبوو و رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتبووی: ئەو هاوپەیمانێتیەی ئەمریکا پێکیهێناوە بەس نییە بۆ کۆتاییهێنانی داعش و گوتوشیەتی " ئێمە هێزێکی زۆرمان ناردوەتە سنووری سوریا، بەڵام بەشداریمان لە شەڕدا پێنەکردوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ