رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کریستۆفەر لاندۆ، جێگری وەزیری دەرەوە نزار خەیروڵڵا، باڵیۆزی عێراقی لە واشنتن بانگهێشت کردووە تاوەکو تووندترین ناڕەزایەتی و هۆشداریی وڵاتەکەی پێ رابگەیەنێت.
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، لاندۆ بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مەترسیدارانەی کردووە کە لە لایەن "میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە" و لە ناو خاکی عێراقەوە دەکرێن. واشنتن بە تایبەتی ئاماژەی بەو "کەمینە" کردووە کە رۆژی 8ـی نیسان لە بەغدا کرایە سەر چەند دیپلۆماتێکی ئەمریکی.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەم هێرشانە دوای ئەو سەدان هێرشەی دیکە دێن کە لە چەند هەفتەی رابردوودا کراونەتە سەر هاووڵاتیان و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا، هاوکات لەگەڵ ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
لاندۆ لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، شکستی حکومەتی عێراق لە رێگریکردن لەم هێرشانە، کاریگەریی زۆر نەرێنی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا دەبێت. لاندۆ بە راشکاوی هەندێک لایەنی ناو حکومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی "پارێزبەندیی سیاسی، دارایی و چالاکی"یان بۆ میلیشیاکان دابین کردووە تاوەکو هێرشەکانیان بکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان چیدی بەرگەی هیچ جۆرە هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ناگرێت. لاندۆ بە باڵیۆزی عێراقی راگەیاندووە، ئەمریکا چاوەڕوانە حکومەتی عێراق "دەستبەجێ" هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ناو خاکی وڵاتەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ