رووداو دیجیتاڵ
میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە دەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراودا لە ناو کۆشکی سپی، بە تووندی هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئەو و جێفری ئێپستین، بازرگانی تاوانبار بە دەستدرێژیی سێکسی، دەکەن.
میلانیا ترەمپ لە گوتارێکدا کە لە کۆشکی سپی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "ئەو درۆیانەی منی بە جێفری ئێپستینی ریسواوە دەبەستنەوە، دەبێت ئەمڕۆ کۆتاییان بێت." میلانیا رەخنەی توندی لەو کەسانە گرت کە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە و گوتی: "ئەو کەسانەی درۆ دەربارەی من دەکەن، هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی، شکۆ و رێزیان تێدا نییە."
خانمی یەکەم جەختی کردەوە، هەرگیز ئاگاداری کارە قێزەونەکانی ئێپستین نەبووە و گوتی: "من هەرگیز بەشداریی هیچ کارێکی ئەوم نەکردووە، نەچوومەتە ناو فڕۆکەکەی و هەرگیز سەردانی دوورگە تایبەتەکەشیم نەکردووە."
سەبارەت بەو وێنانەی کە تێیدا لەگەڵ ئێپستین و گیسلەین ماکسوێڵ دەردەکەوێت، میلانیا روونی کردەوە کە ئەو و دۆناڵد ترەمپ لە ساڵانی 1990 و سەرەتای 2000ـەکاندا، تەنیا لە هەندێک ئاهەنگدا لەگەڵ ئێپستین لە یەک شوێن بوون و بازنەی کۆمەڵایەتییان لە نیویۆرک و فلۆریدا بەیەک گەیشتووە، بەڵام ئەمە بە واتای دۆستایەتی نایەت.
هەروەها رەتی کردەوە، ئێپستین بووبێتە هۆی ناسینی ترەمپ و گوتی، لە ساڵی 1998 لە یانەی کیت کات لە نیویۆرک لەرێگەی هاوڕێیەکیەوە هاوژینەکەی ناسیوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خانمی یەکەم وەڵامی ئەو ئیمەیڵەی دایەوە کە وەزارەتی داد بڵاویکردووەتەوە، کە تێیدا لە ساڵی 2002 پەیامێکی پڕ لە رێز و دۆستانەی بۆ گیسلەین ماکسوێڵ ناردووە. میلانیا گوتی: "ئەو پەیامە تەنیا وەڵامێکی بەڕێزانە و نامەیەکی سادە بووە و هیچ مانایەکی دیکەی نییە."
میلانیا ترەمپ داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، دانیشتنی گشتی (Congressional hearing) بۆ قوربانییانی ئێپستین رێکبخات تاوەکو بتوانن لە ژێر سوێنددا راستییەکان ئاشکرا بکەن. خانمی یەکەمی ئەمریکا گوتی: "دەبێت بە ئاشکرایی و شەفافی کار بکەین بۆ دۆزینەوەی راستییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ