هیندستان دەڵێت پاکستان هێرشی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازییان
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، هیندستان پاکستانی بە هێرشکردنە سەر سێ بنکەی سەربازیی خۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک تۆمەتبارکرد و ئیسلام ئاباد رەتی کردەوە.
سوپای هیندستان شەوی پێنجشەممە رایگەیاند کە هەوڵەکانی پاکستانی پووچەڵکردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی لە جامو و ئودهامپور، لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان و، پاتانکۆت، لە ویلایەتی پەنجابی هیندستان.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە باس لە چەند تەقینەوەیەک کرا لە شاری جامو لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، لە کاتێکدا ناوچەکە کارەبای لێ بڕا.
خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، ئەوان لە پشت ئەو هێرشەوە نین، "ئێمە رەتی دەکەینەوە، تائێستا هیچ شتێکمان ئەنجام نەداوە." هەروەها گوتی، "ئێمە هێرش ناکەین و پاشان رەتی بکەینەوە."
هێرشەکان و تۆپبارانی هێزەکانی هەردوو وڵات بە درێژایی سنووری نێوانیان، ترسی هەڵگیرسانی ململانێیەکی فراوانتریان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە خاوەن چەکی ئەتۆمییەدا زیاتر کردووە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند، هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان هیندستان و پاکستان، "هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە، ئێمە دەمانەوێت ئەم گرژییە بە زووترین کات کەمببێتەوە. بەڵام، ناتوانین کۆنترۆڵی ئەو وڵاتانە بکەین."
ڤانس لە سەردانێکدا بوو بۆ هیندستان کاتێک هێرشە چەکدارییەکەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان روویدا، کە بووە هۆی کوژرانی 26 کەسی سڤیل.
ئەمریکا داوای لە هیندستان و پاکستان کردووە گرژییەکان کەمبکەنەوە. دۆناڵد ترەمپ پێشتر زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بە "شەرمەزاری" وەسف کردبوو.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زۆر شت لەنێوان پاکستان و هیندستان روویانداوە. ئەمە پوختەیەکی خێرایە:
شەوی رابردوو، سوپای هیندستان پاکستانی تۆمەتبار کرد بە هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر سێ بنکەی سەربازی لە هیندستان و کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، بەڵام ئیسلام ئاباد رەتی دەکاتەوە.
وەزیری بەرگریی پاکستان رەتیکردەوە ئیسلام ئاباد بەرپرسیار بێت لە هەر هێرشێکی لەو شێوەیە، دەڵێت: کاتێک پاکستان هێرش دەکات، "هەموو جیهان پێی دەزانێت."
رۆژی پێنجشەممە، پاکستان رایگەیاندبوو 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هیندستانی خستووەتە خوارەوە، هیندستتان هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بانگەشەیە نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە کە بەرگریی ئاسمانیی پاکستانی کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ کارە هاوشێوەکانی ئیسلام ئاباد.
نوێژ لەسەر تەرمی ئەوانە دەکرێت لە شەڕی هیندستان و پاکستان گیانیان لەدەستدا
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 9, 2025
لە هەندێک ناوچەش سەربازانی هەردوو وڵات رووبەڕووی یەکدی بوونەوە pic.twitter.com/QdfCFZWPIW
رۆژێک پێشتر، هیندستان رایگەیاند کە هێرشی مووشەکی و ئاسمانیی ئەنجامداوە بۆ سەر نۆ شوێن لە پاکستان و کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان، وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی کوشندەی مانگی نیسان بۆ سەر گەشتیاران، کە ئیسلام ئاباد هەر دەستێوەردانێکی لەو هێرشەدا رەتکردووەتەوە.
پاکستانیش رایگەیاند تەنیا شەش شوێن کراونەتە ئامانج و بانگەشەی ئەوەی کردووە، پێنج فڕۆکەی جەنگیی هیندستانی خستووەتە خوارەوە، هیندستان لای خۆیەوە ئەو بانگەشەیەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
تۆپبارانێکی قورس لە هەردوو دیوی سنووری وڵاتەکان هەبووە.
ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا و لایەنەکانی دیکە داوایان لە هەردوولا کردووە گرژییەکان کەمبکەنەوە.