رووداو - گلاسكۆ
رۆژنامەنووسێكی رۆژنامەی دەیلی مەیڵ، لە رێگەی ئۆنلاینەوە پەیوەندی بە یەكێك لەو سێ كچە هەرزەكارە بەریتانییەوە دەكات كە لە چەند مانگی رابردوودا خۆیان گەیاندە ریزەكانی داعش لە سووریا. كچە بەریتانییەكە لە رەققەوە رێوشوێنی گەیشتنی خۆبەخشە ئەوروپاییەكان بە خاكی بندەستی داعش ئاشكرا دەكات.
كچە رۆژنامەنووسەكە وەك كچە هەرزەكارێكی عەرەبی خاوەن رەگەزنامەی بەریتانی خۆی بەو كچەی نێو داعش ناساندووە. ئەو كچە لە نێو داعش ناوی ئوم زوبەیری بەریتانی لە خۆی ناوە كە ناوە راستەقینەكەی ئەمیرە عەباسە.
رۆژنامەنووسەكەی مەیڵ، سەرەتا پرسیاری ئەوە لە ئەمیرە دەكات كە ئایا ئەو لە سووریایە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ سوپاس بۆ خوا من لە رەققەم" .
رۆژنامەنووسەكە لە رێگەی تویتەرەوە پرسیاری ئەوە لە ئەمیرە دەكات كە ئایا چۆن دەتوانم بگەمە نێو دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: "وەرە بۆ ئیستەنبوڵ یان ئەنتاڵیا لە توركیا. لەوێوە وەرە، دواتر لەوێوە بە پاس وەرە غازی عەنتاب. ئێمە (واتە داعش) خەڵكمان هەیە لەوێ كە بە قاچاخ دەتگوازنەوە بۆ ناو سووریا".
رۆژنامەنووسەكە پێی دەڵێت كە بەریتانیەكان تووڕەن لەو كارەی بەرامبەر بە گەشتیارە بەریتانییەكان لە تونس كردیان، تۆ چۆن لەم رووداوە دەڕوانی؟ كچە داعشەكە تەنیا پێدەكەنێ .
رۆژنامەنووسەكە كە بەرەچەڵەك عەرەبە، بەناوی كچە هەرزەكارێكەوە قسە لەگەڵ كچە داعشەكە دەكات .
لێی دەپرسێ: "ئایا پێویست دەكات كە گەیشتمە سووریا یەكسەر شوو بكەم؟" كچە داعشەكەش دەڵێت "باشترە شووبكەی، چونكە ئەگەر شوو نەكەی ئەوا ناتوانی بچیتە دەرەوە. ناتوانی ئینتەرنێت بەكاربهێنی. ناتوانی مۆبایلت پێبێ".
رۆژنامەنووسەكە پرسیار لە ئەمیرە دەكات: "ئایا لە تەمەنی شانزە ساڵیدا شوو بكەیت زوو نییە؟". كچە داعشە بەریتانیەكە دەڵێت "عایشەی خێزانی پێغەمبەر تەمەنی نۆ ساڵان بوو كە شووی كرد".
رۆژی 22/2/2015 سێ كچی بەریتانی بەناوەكانی شەمیمە بیگومی تەمەن 15 ساڵ، خەدیجە سوڵتانی تەمەن 15 ساڵ و ئەمیرە عەباس، لە بەریتانیاوە سواری فڕۆكەیەك بوون و لە ئیستانبوڵ نیشتنەوە. پاشان هەرسێكیان لەو رێگایەی ئەمیرە باسی دەكات، خۆیان گەیاندە شاری رەققە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ