G20 لە هیندستان بێ ئامادەبوونی سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە

09-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی بیست لایەنەکە، کە لە 19 وڵات و یەکێتیی ئەوروپا پێکدێت، ئەمڕۆ لە هیندستان دەست بە لووتکەی ساڵانەی خۆی دەکات، بەڵام درز و ناکۆکیی گەورە لە نێوان وڵاتە بەهێزەکانی کۆمەڵەکەدا هەیە.  
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەکەدا بەشدارە، بەڵام شی جین پینگی سەرۆکی چینی رکابەرەکەی ئامادە نابێت، ئەوەش گرنگی و سەنگی کۆمەڵەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. 
 
کۆمەڵەی بیست یان جی بیست ساڵی 2008 لە کاردانەوەی قەیرانێکی داراییدا دروستبوو بۆ ئەوەی ئابووری جیهان باشتر بەڕێوەببردرێت، بەڵام سازانی نێوان ئەندامەکانی، ساڵ دوای ساڵ زەحمەتتر بووە. 
 
شاری نیودەلهی، پایتەختی هیندستان بۆ لووتکەکە رازێنراوەتەوە و بەشێکی لە خەڵک چۆڵکراوە، لە کاتێکدا کە هیندستان لە بە پەلە پەلەوە و لە دوا ساتەکاندا هەوڵی بەدەستهێنانی ژمارەیەک رێککەوتن دەدات لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی شەڕی ئۆکراینا، گۆڕانی کەشوهەوا و بەڕێوەبردنی جیهان. 
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بە سەرکردەکانی جی بیست دا کە مەترسی دەکرێت کێشەکانیان ببنە هۆی خۆشکردنی ئاگری ململانێ و داڕمانی متمانەی رای گشتیی وڵاتەکانیان. 
 
گوتێرێز لە نیودەلهی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەگەر ئێمە بە راستی یەک خێزانی جیهانی بین، ئەوا ئەمڕۆ لە یەکێکی پەککەوتوو دەچین."
 
تەنانەت پێش ئەوەی لووتکەکە دەستپێبکات، شی جین پینگ لە گرنگیی جی بیستی کەمکردەوە، ئەوەش کاتێک رایگەیاند لە لووتکەکەدا بەشدار نابێت، بەڵکو لی کیانگ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی دەنێرێت کە دووەم باڵاترین بەرپرسی چینییە، لە کاتێکدا شی جین پینگ تەنیا دوو هەفتە لەمەوبەر، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بریکس، هاوپەیمانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور، گەشتیکرد بۆ جۆهانسبێرگ. 
 
بە فەرمی هیچ هۆکارێک بۆ ئامادەنەبوونی شی جین پینگ نەخراوەتەڕوو. گوتێرێز جەختیکردەوە کە پێویستە وڵاتان شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتی بێ رەچاوکردنی ئەوەی کە ئایا ئەوەی دەچێتە نیودەلهی "سەرۆکە یان سەرۆکوەزیران یانیش جێگری سەرۆکە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست