رووداو دیجیتاڵ
بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککەرەوە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی مرۆڤ، بە جۆرێک لە وەرزی گەرمادا لەنێو ماڵ و لەنێو ئۆتۆمبێلدا بەردەوام ئەو ئامێرانە هەڵدەکەین و جەستەمان لەگەڵیان راهاتووە، بەڵام نوێترین توێژینەوە لە زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککەرەوە زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە.
سایمن کویڵتی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "بە دانیشتن لە شوێنێک کە ئامێری فێنککەرەوەی لێیە لەنێوان 10 بۆ 20 کاژێر، خەڵک وا لە جەستەی خۆیان دەکەن کە ئیدی لەگەڵ گەرما رانەیێن."
توێژینەوەکە دەری خستووە، ئەو کەسانەی زیاتر ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەکاردەهێنن، لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا کەمتر بەرگەی گەرما دەگرن و ئەگەری مردنیان زیاترە.
زانایانی توێژینەوەکە داوا لە خەڵک دەکەن تا دەتوانن خۆیان لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەدووربگرن و لە ئەگەری بەکارهێنانیشیدا پێشنیاز دەکەن ئامێرەکە بخرێتە پلەی 25 یان 26.
سایمن کویڵتی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ ئەگەر پلەی گەرمی 45 بێت ئەوا مرۆڤ ئەگەری مردنی زیاترە بەراورد بە هەمان پلەی گەرمی 10 بۆ 30 ساڵی رابردوو."
ئەو کاریگەرییەی زاناکان باسی دەکەن لەم چەند ساڵەی رابردوودا بە روونی بینراوە، تەنیا ساڵی رابردوو لە وڵاتانی ئەوروپا نزیکەی 62 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان کەسانی بەتەمەن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ