رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، مەحاڵە باس لە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ، رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵیی رووسیا ماوەی چەند ساڵێکە باسیکردووە، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، مەحاڵە باس لە ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت."
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشتر رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەلکێشی شەڕێکی گەورە دەکەن. لەو بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداریشیدا لەوەی "مەترسیی رووبەڕووبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا لەئارادایە. مەترسییەکە نەک تەنیا هەوڵدانی وڵاتێک یان کۆمەڵە وڵاتێکدا، مەترسییەکە چارەسەرنەکردنی کێشەکانە."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە، شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی غەززە دەستیپێکردووە و هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە لە ئارادا نییە.
حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمیدا، جگە لە کوشتنی هەزار و 400 ئیسرائیلی برینداربوونی لانیکەم 5 هەزار و 600ی دیکەیان، زیاتر لە 240ی دیکەشی بە دیل گرت. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زۆربەی کوژراوان خەڵکی سڤیل بوون.
لە دوای هێرشەکە، ئیسرائیل بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستا، بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 10 هەزار و 569 کەس کە 4 هەزار و 234یان منداڵن، هەروەها برینداربوونی 26 هەزار و 475 کەس کە 8 هەزار و 663یان منداڵن.
جگە لەوە، زیاتر لە 2 هەزار و 660 فەلەستینی لە کەرتی غەززە بێسەروشوێن بوون کە هەزار و 350یان منداڵن.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا:
رووداو: سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەلکێشی شەڕێکی گەورە دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەدوای هێرشی مووشەکیی ئەمریکی بۆ سەر بنکەی سوپای ئێران، وەک خۆیان دەڵێن، شەڕی سوپای سووریا و سەربازە ئەمریکییەکان لە دێرەزوور دەستیپێکردووە. هەر خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێرشەکان بەبەردەوامی ئەنجامدەدرێن . بە واتایەکی دیکە، جگە لە ئیسرائیل و فەلەستین، ئێستا چەند وڵاتێک لە ململانێدان. ئایا مۆسکۆ باس لە مەترسیی شەڕێکی گەورەتر دەکات؟ ئایا داعش و دەستەی تەحریری شام و گرووپە رادیکاڵەکانی دیکە دەتوانن لە سووریا و عێراق چالاکتر بن؟
ماریا زاخارۆڤا: مەترسیی رووبەڕووبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا لەئارادایە. مەترسییەکە نەک تەنیا هەوڵدانی وڵاتێک یان کۆمەڵە وڵاتێکە، مەترسییەکە چارەسەرنەکردنی کێشەکانە. دەمەوێت روونی بکەمەوە پرسەکە چییە، هەرچەندە پێویست بە روونکردنەوەی ناکات، ئێوە هەموو شتەکان زۆر بەباشی دەزانن.
بەشێکی زۆری کێشەی چارەسەرنەکراو، کیشەی سەخت لە ناوچەکەدا هەن کە هەموویان هۆکاری مەترسین. لەگەڵ پاشخانێکی بەوجۆرە، چارەسەرنەکردنی پرسی ئیسرائیل و فەلەستین دەبێتە هۆی "خاڵی ناوەندیی" بەشێکی زۆر لە کێشەکان، لە شوێنی گرژییەکان و ناوچەکانی دەوروبەریشیان.
هەر خۆی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش باسی لە ئەمەی کرد. نەک تەنیا ئەم جارە، بەڵکو چەندین ساڵە بە هاوتا رۆژئاواییەکانی دەڵێت. لەبەر ئەوە، لەبیربردنەوەی بنچینەی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، بەداخەوە، رێگە لە بەردەم ئەنجامێکی پێچەوانەوە دەکاتەوە، چونکە تەواوی جیهان بە چارەسەرکردنی ئەو گرژییانەوە سەرقاڵ دەبێت، بەڵام کاتەکەی درەنگ دەبێت. لەبەر ئەوەی تێکچوونی زیاتری گرژییەکان مسۆگەرە. لاڤرۆڤ هەمیشە باسی ئەمەی دەکرد.
بەبێ چارەسەرکردن، کە چارەسەری بە پاکبوونەوەی نەتەوەییی و بە بیرکرنەوە لە هەندێ مانۆڕی جیوپۆلیتیکیی دەرەوەی یاسا نێوودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو دەکرێت لە سەر بنەمای یاسا و بە پێی بەرژەوەندیی لایەنەکان و بە ریسک گرتن چارەسەرێکی قووڵی واقیعی بدۆزرێتەوە. چارەسەری قووڵی راستەقینەی ئەم ململانێ مێژوویی و کۆنەش، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، تەنیا بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەکرێت.
رێگریکردن لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەست لە غەززە لەلایەن واشنتنەوە لەم قۆناغەدا و هێڵی تاکلایەنەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەوی دەکات، وەک دەڵێن بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا (ئەمری واقیع)ـە، بەڵام لە راستیدا ئەمە ئامادەنەبوونە بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەو رێککەوتنانەی پێشوو کە وڵاتان و گەلان لەسەری رێککەوتوون. هەموو ئەمانە دەبێتە مەترسی بۆ چڕبوونەوەی ئەو چالاکییە تیرۆریستیانەی کە باستان کرد، هەروەها فراوانبوونی جوگرافیای شەڕەکان و رێگا بۆ بەشداریکردن لەم ململانێیە و ململانێی دیکەی چاوەڕوانکراو و هەنووکەیی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. لەوێشەوە دوور نییە بگاتە قۆناخی لەنێوچوونی جیهان.
هەروەها، هەمیشە دەڵێین، زیادبوونی هێزی سەربازی لە ناوچەی ململانێکان، بەتایبەتی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، هەروەها لێدوانی شەڕانگێزانە و هەراسانکارانە، بەشێکن لە خراپتربوونی دۆخی ئێستا. بێگومان هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت، دۆخەکە خراپتر دەکات.
بۆیە جارێکی دیکە ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە حکومەتی فیدراڵیی رووسیا ماوەی چەند ساڵێکە باسیکردووە، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، مەحاڵە باس لە ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ