زیلینسکی رەتی دەکاتەوە گوشارەکانی ترەمپ و پووتین بۆ دەستبەرداربوونی خاکی ئۆکراینا قبووڵ بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سەرکردایەتیی ئۆکراینا رۆژی سێشەممە پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، ئەمەش لەدوای لووتکەی رۆژی دووشەممەی لەندەن لەنێوان ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و هەریەک لە سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا.
 
کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە کە بەپەلە رێکخرابوو لەنێوان کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کرا. وەکو خۆیان رایانگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکە بەهێزکردنی پێگەی ئۆکراینا بووە لە گفتوگۆکانی داهاتوودا.
 
دوای کۆبوونەوەکە زیلینسکی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پلانە هەموارکراوەکە لە 20 خاڵ پێکهاتووە، بەڵام هێشتا هیچ رێککەوتنێک نییە لەسەر پرسی دەستبەرداربوونی خاک، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی مۆسکۆ.
 
زیلینسکی گوتی، "خواستی ئەمریکییەکان، لە بنەڕەتدا بۆ دۆزینەوەی سازشێکە. بێگومان، کێشەی ئاڵۆز هەن، بەتایبەت لەسەر پرسی خاک و هێشتا سازشێک لەوبارەیەوە نەدۆزراوەتەوە." هەروەها ئەو هەڵوێستە بەردەوامەی خۆی دووپات کردەوە کە ئۆکراینا ناتوانێت دەستبەرداری هیچ بەشێکی لە خاکەکەی ببێت.
 
دواتر زیلینسکی چووە برۆکسلی پایتەختی سیاسیی ئەورووپا و لەوێ لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا کۆبووەوە.
 
ئەو دوو سەرکردە ئەورووپییەش لە پەیامێکی هاوبەشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئاشتی بێتە ئاراوە، دەبێت رێز لە سەروەریی ئۆکراینا بگرێت و ئاسایشی درێژخایەنی ئەو وڵاتە گەرەنتی بکات.
 
لە پلاتفۆرمی تێلیگرام زیلینسکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دوو سەرکردە ئەورووپییەکە و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ بە "باش و بەرهەمدار" وەسف کرد و نووسیویەتی، "ئێمە بە شێوەیەکی هەماهەنگ و بنیاتنەرانە کار دەکەین."
 
پێشتر، سەرچاوەیەکی حکومەتی بەریتانیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەندەنەوە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو، کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە سەرنج دەخاتە سەر بەکارهێنانی سەرمایە دەستبەسەرداگیراوەکانی رووسیا لە وڵاتانی رۆژئاوا.
 
لە کاتێکدا جەنگەکە لە چوارەمین ساڵی نزیک دەبێتەوە، کیێڤ، کە لەژێر گوشاری ئیدارەی ترەمپ دایە بۆئەوەی بە خێرایی بە رێککەوتنێکی ئاشتی رازی بێت، دەیەوێت هاوسەنگییەک بۆ ئەو رەشنووسە دروست بکات کە ئەمریکا پشتیوانیی دەکات و بە شێوەیەکی بەربڵاو وەکو لایەنگرییەک بۆ مۆسکۆ تەماشا دەکرێت.
 
لەدوای کۆبوونەوەکانی لەندەن، سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی ئیستۆنیا، فینلاند، ئێرلەندا، لاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا و سوێد داوایان لە یەکێتیی ئەورووپا کرد، بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیازە بکەن بۆ بەکارهێنانی سەرمایە دەستبەسەرداگیراوەکانی رووسیا بۆ دابینکردنی بودجە و توانای سەربازی بۆ ئۆکراینا.
 
ستامەر، ماکرۆن، مێرتس و زیلینسکی ئامانجیان بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنیی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی نوێی رووسیا، کە لە شوباتی 2022 هێرشە فراوانەکانی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا؛ پلانی ئاگربەستی ئەمریکا کە لە مانگی رابردوودا بڵاوکرایەوە، بە شێوەیەکی گشتی سەرکردەکانی ئەورووپای نیگەران کردووە و ترسیان هەیە کیێڤ ناچار بکرێت زۆرێک لە داواکارییەکانی رووسیا قبووڵ بکات؛ هەندێک پێیانوایە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیری لە تەواوی کیشوەری ئەورووپا.
 
هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، رێککەوتنەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاماژەیەکی کەم هەیە هیچ کام لە ئۆکراینا یان رووسیا ئامادەبن واژۆ لەسەر چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە بکەن کە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپەوە داڕێژراوە.
 
ستامەر دوای پێشوازیکردن لە سەرکردەکانی ئەورووپا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە داونینگ ستریت، گوتی، "لەگەڵ ئۆکراینا دەمێنینەوە و ئەگەر بڕیار بێت ئاگربەست هەبێت، دەبێت ئاگربەستێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بێت."
 
هەروەها ماکرۆن و مێرتس سووربوونی خۆیان دەربڕی بۆ جەختکردنەوە لەسەر پلانێکی پتەو، لە کاتێکدا راوێژکاری ئەڵمانیا پلانەکەی بە "یەکلاکەرەوە بۆ هەموومان" وەسف کرد.
 
زیلینسکی ئاماژەی بەو هاوسەنگییە هەستیارە کرد کە هێزە ئەورووپییەکان دەبێت بیپارێزن، لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن مەرجی باشتر بۆ پلانە پێشنیازکراوەکەی ئەمریکا ئامادە بکەن و گوتیشی، "هەندێک شت هەن ناتوانین بەبێ ئەمریکییەکان بەڕێوەی ببەین، هەندێک شتیش بەبێ ئەورووپا ناکرێن؛ هەر بۆیە پێویستە بڕیاری گرنگ بدەین."
 
زیلینسکی درەنگانی رۆژی یەکشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە ئۆکراینییەکانی راگەیاند، "هەفتەیەکی دیپلۆماسیی نوێ" دەست پێدەکات. گوتیشی، "سەرەتا و پێش هەموو شتێک، پرسە ئەمنییەکان، پشتیوانی بۆ خۆڕاگریمان و پاکێجەکانی پشتیوانی بۆ توانای بەرگریمان لە سەرووی هەمووشیانەوە، بەرگریی ئاسمانی و پارەدارکردنی درێژخایەن بۆ ئۆکراینا، کاری لەپێشینەمان دەبێت."
 
ئێستا ئۆکراینا بە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی جەنگەکەدا تێدەپەڕێت. هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتەوە پێشڕەوی دەکەن و شار و شارۆچکەکانی ئۆکراینا بەدەست بڕانی کارەبا بۆ ماوەی چەندین کاژێر دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی هێرشە بەردەوام و چڕەکانی رووسیا بۆسەر تۆڕی وزە و ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە.
 
هەفتەی رابردوو، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ و جارید کوشنەری زاوای سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی هەموارکراویان بردە مۆسکۆ، پاشان گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا لە میامی کرد، بەڵام کۆبوونەوەکان هیچ پێشکەوتنێکی تێدا بەدینەهات.
 
زیلینسکی گفتوگۆکانی بە بونیاتنەر، بەڵام سەخت، وەسف کرد؛ لە بەرامبەریشدا ترەمپ رایگەیاند، لە زیلینسکی "بێهیوا" بووە و تۆمەتباری کرد بەوەی نوێترین پێشنیازەکانی پلانەکەی نەخوێندووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە پێنجوێن. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

وشکەساڵیی بەفر چییە؟

داتاکان و توێژینەوە زانستییە نوێیەکان وێنەیەکی جیهانیی نیگەرانکەر دەخەنەڕوو، کە تێیدا بەشێکی زۆری گۆی زەوی بەدەست کەمبوونەوەی بەرچاوی بەفر و گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بارینەوە دەناڵێنێت. ئەم دیاردەیە راستەوخۆ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدات، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایشی ئاو، هاوسەنگیی ئیکۆسیستمەکان و بژێویی ملیۆنان مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.