رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد رایگەیاند، ئاگربەستی جەنگی ئێران هەنگاوی یەکەمی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە و پێویستە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێبەجێ بکرێت. راشیگەیاند، دەبێت تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، چونکە گرنگیەکی زۆری بۆ بازرگانی و سەقامگیری ئابووری جیهانی هەیە.
رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو سەبارەت بە ئاگربەستی جەنگی ئێران و گفتوگۆکانی پاکستان رایگەیاند، "پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستەکە دەکەین و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەی دەبینین".
وەزارەتەکە دەڵێت، "پێویستە ئێستا سەرنجەکە لەسەر رێزگرترن بێت لە ئاگربەستەکە لە تەواوی ناوچەکە لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا بۆ ئەوەی دیپلۆماسی سەرکەوتوو بێت".
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران راگەیاند. رێککەوتنەکە بۆ دوو هەفتەیە و لەسەر پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانە. بڕیارە سبەی، شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلاماباد کۆببنەوە بۆ گفتوگۆی ئاگربەستی تەواوەتی بکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ترەمپ رایگەیاند، ئێران پارە بۆ تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا وەردەگرێت و پێویستە گواستنەوە بەو تەنگەیەدا بێ بەرامبەر و سەلامەت بێت. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، پێویستە ئاگربەست لوبنانیش بگرێتەوە، خاڵێک کە ئەمریکا و ئیسرائیل رەتیانکردووەتەوە بەشێک بووبێت لە ئاگربەستەکە. لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە ئیسرائیل ناوە ناوە بۆردوومانی لوبنانی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت، "پێویستە لایەنەکان رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن و ژێرخان و کەسانی سڤیل پارێزراوبن، گرنگە گواستنەوە بە تەنگەی هورمزدا بەبێ دواکەوتن ئاساییبکرێتەوە چونکە گرنگییەکی زۆری بۆ بازرگانی و سەقامگیری ئابووری جیهان هەیە".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران لە رۆژی دووەمی جەنگەکەوە تەنگەی هورمزی داخست.
بە گوێرەی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ دراو، جەنگەکە رۆژانە بە تێکڕا 13٪ی هەناردەی نەوت و 20٪ی هەناردەی گازی بۆ بازاڕەکانی جیهان کەمکردەوە. هەروەها، نرخی نەوتیشی لە 72 دۆلارەوە گەیاندە نزیکەی 120 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ