وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: پێویستە لایەنەکان دەرفەتی ئاگربەست بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بقۆزنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی راگەیاند، بەردەوامن لە پشتگیریکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی کەنداو و هانی وڵاتانی ناوچەکە دەدەن بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتی باش؛ دەشڵێت، درێژەکێشانی جەنگ و پەرەسەندنی ململانێکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە.
 
رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە چین سەبارەت بە ئاگربەستی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران رایگەیاند، "چین بەردەوام پشتگیری لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەی کەنداو دەکات و پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکە دەکات بۆ گەیشتن بە دراوسێیەتییەکی باش و دۆستانە."
 
وەزارەتەکە هیوات خواستووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرفەتی ئاشتی بقۆزنەوە و لە رێگەی دیالۆگ و راوێژەوە جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن تاوەکو سەقامگیری بۆ کەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەڕێتەوە.
 
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران راگەیاند. ئەم رێککەوتنە کە بۆ ماوەی دوو هەفتەیە، لەسەر پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووە. 
 
بڕیارە سبەی، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
 
ئەم هەڵوێستەی چین لە کاتێکدایە کە هێشتا کێشەی "تەنگەی هورمز" و پرسی وەرگرتنی رسوومات لە لایەن ئێرانەوە یەکلایی نەکراوەتەوە. هەروەها تاران داوا دەکات ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا تاوەکو ئێستا ئەو خاڵەیان رەتکردووەتەوە. 
 
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەشەوە، ئیسرائیل چەند جارێک بۆردوومانی لوبنانی کردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین جەخت لەوە دەکاتەوە، پەرەسەندنی ململانێکان زیان بە هەمووان دەگەیەنێت و پێویستە هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی خێرای ئارامی بۆ ناوچەکە چڕ بکرێنەوە.