راپۆرتێک: ئەمریکا داواى ئازادکردنى 6 هاووڵاتیی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێران دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە وەک بەشێک لە دانوستاندنەکانی ئاشتی لە پاکستان، داوای ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە بکات کە لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوولا.
 
رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026 چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پلانەکانی ئیدارەی ئەمریکا بە رۆژنامەى (واشنت پۆست)یان راگەیاند کە بەرپرسانی واشنتن دەیانەوێ پرسی ئازادکردنی لانیکەم 6 هاووڵاتیی ئەمریکی بخەنە نێو کارنامەی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد کە بڕیارە رۆژی شەممە 11ى نیسان دەستپێبکەن. 
 
هەرچەندە ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان هەردوولا لەژێر گوشاری یەکجار زۆردایە، بەڵام داکۆکیکاران لەو زیندانییانە هیوادارن تاران وەک "نیشانەیەکی نیازپاکی" ئازادییان بکات.
 
ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی ئامادەنەبوو بە فەرمی لێدوان لەسەر ئەم پلانە بدات و لە ئیمەیڵێکدا بۆ رۆژنامەکە رایگەیاند: "ئەمانە گفتوگۆی بەردەوامن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی میدیاکانەوە دانوستاندن ناکات". 
 
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی مێژووی "شەرمەزارانەی" تارانی لە دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانەی بیانییەکان کرد و داوای کرد دەستبەجێ هەموو ئەمریکییەکان ئازاد بکرێن.
 
لەنێو ئەو کەسانەی لە ئێران دەستبەسەرن، کامران حیکمەتی تەمەن 61 ساڵ و رەزا وەلیزادەی تەمەن 49 ساڵ هەن کە لە زیندانی (ئێڤین) لە تاران راگیراون. 
 
حیکمەتی کە بازرگانێکی جووی ئەمریکییە، ساڵی رابردوو بە تۆمەتی سەردانیکردنی ئیسرائیل دەستگیرکرا. 
 
وەلیزادەش کە رۆژنامەڤانی پێشووی رادیۆی فەردا بوو، ساڵی 2024 لە کاتی سەردانی دایک و باوکی دەستگیرکرا و سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
 
پارێزەران دەڵێن، بڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران وایکردووە پەیوەندییان بەو زیندانییانەوە نەمێنێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی بۆ پاراستنی ژیانیان لەنێو جەرگەی جەنگەکەدا زیاتر کردووە.
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی 27ی شوبات و رێک یەک رۆژ بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئێرانی وەک "دەوڵەتی پشتیوانیکار لە دەستبەسەرکردنی نادادپەروەرانە" ناساند. 
 
رۆژى هەینى 10ى نیسان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە یاوەریی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر بەرەو پاکستان بەڕێکەوتن تاوەکو لەگەڵ شاندی ئێران دانوستاندن بکەن. 
 
ئەم هەوڵە نوێیەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە تاران رۆژی سێشەممە بە نێوەندگیریی عومان دوو هاووڵاتیی فەرەنسی ئازاد کرد، ئەمەش هیوای لای ئەمریکییەکان دروستکردووە کە تاران هەمان هەنگاو بەرامبەر ئەوانیش بنێت تاوەکو لە بەرامبەردا واشنتن ئاسانکاری لە سزاکان و باجی سەر کاڵاکانی ئێران بکات.
 
جەنگی ئێران کە بووەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئیدارەی ترەمپ.
 
رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی لە چیاکانی ئێران متمانەی بە هێزەکانی واشنتن بەخشیوە، بەڵام ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو تەنگەی هورمز نەکرێتەوە و یۆرانیۆمی پیتێنراو رادەستنەکرێ، جەنگەکە بە تەواوی کۆتایی نایەت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە ستۆکهۆڵم. وێنە: وەزارەتی دەرەوە

وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو: پێویستە ئاگربەست لە هەموو ناوچەکە جێبەجێ بکرێت

وەزارەتی دەرەوەی سوێد رایگەیاند، ئاگربەستی جەنگی ئێران هەنگاوی یەکەمی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە و پێویستە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێبەجێ بکرێت. راشیگەیاند، دەبێت تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، چونکە گرنگیەکی زۆری بۆ بازرگانی و سەقامگیری ئابووری جیهانی هەیە.