ترەمپ: جەی دی ڤانس ئەرکێکی گەورەی لەسەرشانە و تەنگەی هورمز دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیوای سەرکەوتن بۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک دەخوازێت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئێرانییەکان و گوتیشی، واشنتن بە هەر شێوەیەک بێت تەنگەی هورمز دەکاتەوە و رێگە نادات هیچ باجێکی تێدا بسەپێنرێت.
رۆژی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، جەی دی ڤانس لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر تیمێکی باشیان هەیە و "ئەرکێکی گەورەیان لەسەرشانە".
ترەمپ باسی لە دۆخی سەربازیی ئێران کرد و گوتی: "ئەوان لە رووی سەربازییەوە تێکشکاون، هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە و سەرکردەکانیان لەدەستداوە، هەموو شوێنەکە وێران بووە."
سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێستا تەنگەکە دەکەینەوە، چ لەگەڵ ئەوان بێت یان بەبێ ئەوان. ئەگەر بە خێرایی نەکرێتەوە، خۆمان کۆتایی بەو پرسە دەهێنین."
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا رێگە دەدەن باج لە تەنگەکەدا دابنرێت، ترەمپ وەڵامی دایەوە: "نەخێر، رێگە بەوە نادەین. ئەوە ئاوێکی نێودەوڵەتییە و ناهێڵین کارێکی لەو شێوەیە رووبدات." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەرچی ئەمریکا خۆی تەنگەکە بەکارناهێنێت، بەڵام هاوکاری وڵاتانی دیکە دەکەن بۆ کردنەوەی.
لەبارەی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتن، ترەمپ پرسی چەکی ئەتۆمی وەک مەرجی سەرەکی باس کرد و رایگەیاند: "نەبوونی چەکی ئەتۆمی 99٪ی مەبەستەکەمانە. ئێمە گۆڕینی رژێممان وەک پێوەر دانەناوە، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
سەبارەت بە هەبوونی پلانی جێگرەوە لە ئەگەر شکستی گفتوگۆکان، ترەمپ گوتی: "پێویستمان بە پلانی جێگرەوە نییە، چونکە سوپای ئێمە هەموو شتێکی تێکشکاندوون. توانای پیشەسازی و مووشەکییان زۆر کەم بووەتەوە و سوپای ئەمریکا کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجامداوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان بە نادیاری هێشتەوە و گوتی: "دەبێت ببینم بەیانی چی روودەدات. ئەوان 47 ساڵە لەگەڵ سەرۆکەکانی دیکە خەریکی گفتوگۆن، بەڵام ئێمە زۆر قسە ناکەین."